دوای پێنج رۆژ تەرمی مێردمنداڵێک لە بنەسڵاوە دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای پێنج رۆژ لە دیارنەمانی تەرمی مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە بنەسڵاوەی هەولێر دۆزرایەوە، مامێکی ئەو مێردمنداڵە بە رووداوی راگەیاند "چەقۆیان لە ملی داوە و دواتر خنکاندوویانە."
 
خەلەف سەعدوڵڵا ناوی ئەو کوڕەیە کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و خەڵکی قەزای شنگالە، بەڵام ماوەی پێنج ساڵە لە ناحیەی کۆڕێی سنووری قەزای شەقڵاوە دادەنیشن. خەلەف برایەکی دیکەی هەیە لەگەڵ حەوت خوشک. 
 
لە رۆژی 05-11-2020 خەلەف لە ماڵ چووەتەدەرەوە و کەسوکارەکەیشی بەدوایدا دەگەڕان. نەواف تەها، مامی خەلەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رۆژی دووشەممە پۆلیسی بنەسڵاوە ئاگادارییان کردینەوە لە بوونی تەرمێک و دوای ئەوەی سەردانمان کردن، دەرکەوت کە کوڕەکەی ئێمەیە و بە دڕندانەترین شێوە کوژراوە."
 
نەواف تەها، مامی خەلەف دەشڵێت، ئەو کوڕە و ماڵباتەکەیشی کێشەیان لەگەڵ کەس نەبووە و ناشزانن کێ کوشتویەتی و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات بکوژرانی ئەو کوڕە بدۆزنەوە. 
 
بەگوتەی مامی خەلەف، لە دادپزیشکی پشکنینیان بۆکردووە و دەرکەوتووە کە تەرمەکەی چەند چەقۆیەک بە ملییەوە بووە و دواتر شوێنەواری خنکانیشی پێوە دیاربووە.
 
 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند " لەسەر کوشتنی ئەو مێردمنداڵە کەسێکمان دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێت بکەری رووداوەکە بێت، بەڵام جارێ لە لێکۆڵینەوەداین و دواتر رایدەگەیێنین."