وەزارەتی داد رەزامەندی دا.. لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای حەوت رۆژ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هێشتا دۆناڵد ترەمپ دانی بە شکستەکەیدا نەناوە و دەیەوێت لە هەموو دەرگایەکی یاسایی بدات، بۆئەوەی وەک خۆی دەڵێت "ساختەکارییەکان" ئاشکرا بکات.
هەرچەندە زۆرن ئەوانەی داوا لە ترەمپ دەکەن دان بە شکستی هەڵبژارندا بنێت، بەڵام ئەو بەپێچەوانە ماوەی چەند رۆژێکە داوای لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەکات. نوێترین تویتیشی کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کردوویەتی دەڵێت "دەیبەینەوە!، ئێمە بەرەوپێشچوونی گەورەمان بەخۆوە بینیوە، ئەنجامەکان هەفتەی داهاتوو دەگەڕێنەوە، دیسانەوە ئەمریکا مەزن رادەگرین!". تیمەکەشی بەچڕی بانگەشەکانیان دەستپێکردووە بۆ "ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن".
ژمارەیەک لە بەرپرسان و سیناتۆرە کۆمارییەکانیش پشتیوانییان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە. ئێستا وەزارەتی داد رازی بووە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامەکان بکرێت و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانی ترەمپ و تیمەکەی بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ویلیام بار، وەزیری داد و داواکاری گشتیی ئەمریکا، فەرمانی داوە بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەو بانگەشە و سکاڵانامانەی کە باس لە ئەگەری ساختەکاری یان پێشێلکاری دەکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رۆژی 3ی نۆڤێمبەردا.
بار، گڵۆپی سەوزی بۆ پارێزەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا هەڵکردووە تاوەکو بەدوای ئەو بابەتەدا بچن، بەڵام دەشڵێت "هەر سکاڵایەک بەڵگەی لەگەڵ نەبێت راستەوخۆ فەرامۆش دەکرێت و نابێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت".
هەر دوای فەرمانەکەی داواکاری گشتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر نووسی "هەڵبژاردنەکە دەبەینەوە".
وەزیری دادی ئەمریکا ئەوەشی گوتووە "ئەگەر سکاڵایەکی روون و رەوا سەبارەت بە پێشێلکاریی هەبێت و دواتر دروست دەربچێت، ئەوا لەوانەیە کاریگەریی لەسەر ئەنجامی ئەو ویلایەتە هەبێت کە سکاڵاکەی لەسەر کراوە". ئەم گوتەیەی بار، پشتیوانییەکی دیکەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ و وای لێدەکات زیاتر سوور بێت لەسەر بەدواداچوونی دۆسیەکانی تایبەت بە ئەگەری پێشێلکاری لە هەڵبژارندا.
مچ ماککۆنێل، سەرکردەی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران بەرگریی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی "ترەمپ لە 100% مافی خۆیەتی بەدوای دۆسیەکاندا بچێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ساختەکاری و پێشێلکاریی لە هەڵبژاردندا". هەروەها کایل ماکینانی، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت "هێشتا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەسەرنەچووە".
چین و رووسیا پیرزۆباییان لە بایدن نەکردووە
هەریەکە لە چین و رووسیا تاوەکو ئێستا ئامادەنین پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت "ئێمە هێشتا چاوەڕێی دوایین رێکارە یاساییەکانین و دەمانەوێت تاوەکو دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی چاوەڕێ بکەین". هەروەها دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کریملن، بەهەمانشێوە ئامادەنەبوو پیرۆزبایی لە بایدن بکات و رایگەیاند، ئەوان کێشەیان لەگەڵ کەسەکان نییە و هەرکەس سەرۆکی ئەمریکا بێت دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان هەبێت، "بەڵام بە دروستی دەزانین چاوەڕێی ئەنجامی فەرمی بکەین".
پشتیوانییە نێوخۆییەکان لە ئەمریکا، بڕیارەکانی وەزارەتی داد و داواکاری گشتیی ئەمریکا و هەروەها ئەگەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، رەتکردنەوەی پیرۆزبایی لە بایدن لەلایەن رووسیا و چینەوە، تا رادەیەک وا دەکات ترەمپ زیاتر پێداگریی بکات لەسەر بەدواداچوونی لەو کەیسانەی بە گوتەی خۆی "کەیسی پێشێلکاری و ساختەکاریین لە هەڵبژارندا".
ئەو ویلایەتانەی ترەمپ داوای پێداچوونەوەی دەنگەکانیان دەکات:
پەنسلڤانیا
تیمی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ چەند دۆسیەیەکیان لە پەنسلڤانیا تۆمارکردوون، یەکێک لەوانە سکاڵایەکە لەسەر بەرپرسانی هەڵبژاردنی ئەو ویلایەتە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی، رێگەی نەداوە چاوەدێرەکان لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان بکەن، بەمەش شەفافیەتی هەڵبژاردنیان لەو ویلایەتە خستووەتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها یەکێک لە دۆسیەکانیش، جیاوازیکردنە لەنێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان و دەڵێن، کۆمارییەکان هاوشێوەی دیموکراتەکان چانسی ئەوەیان نەبووە ئاگاداری پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەو ژماردنی ئەو کارتی دەنگدانانە بن، کە لەرێگەی پۆستەوە نێردرابوون.
هەرچەندە لە یەکەم و دووەم رۆژی دوای هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ لەو ویلایەتە بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش بوو، بەڵام لەکۆتاییدا جۆ بایدن بە جیاوازی 45 هەزار دەنگ پەسنلڤانیای بردەوە و 20 کورسی ئەنجوومەنی هەڵبژێری مسۆگەر کرد.بردنەوەی پەنسلڤانیا راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبوو. دوای یەکلاییکردنەوەی ئەو ویلایەتەش میدیاکانی ئەمریکا، جۆ بایدنیان بە براوەی هەڵبژاردن ناساند.
جۆرجیا
لە دوایین ساتەکاندا جۆ بایدن ویلایەتی جۆرجیای لە دۆناڵد ترەمپ وەرگرتەوە، لەکاتێکدا لە یەکەمین کاژێرەکانی دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان، ترەمپ لەپێش بایدن بوو، کەچی دواتر بایدن بە جیاوازی 12 هەزار دەنگ ویلایەتەکەی بردەوە و 16 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژێری ئەو ویلایەتەشی بۆ خۆی مسۆگەر کر.
کۆمارییەکان لەو ویلایەتەش سکاڵایان کردووە و دەڵێن، "پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان شەفاف نەبووە و رێکخستنی زۆر خراپی هەبووە". هەربۆیە داوایان لە سکرتێری ویلایەتەکە کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە.
ئاریزۆنا
لە ئاریزۆنا بایدن هەر لە سەرەتاوە لەپێش بوو، لە کۆتاییشدا بە جیاوازیی 14 هەزار دەنگ لەو ویلایەتەش پێشکەوت، بەڵام تاوەکو رۆژی سێشەممە و یەک هەفتەی دوای هەڵبژاردن هێشتا 61 هەزار دەنگ ماون هەژمار بکرێن، چونکە پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی ناونیشان و واژۆی دەنگدەران هەیە.
کامپەینەکەی ترەمپ بە هاوکاریی بەرپرسانی کۆماری لەو ویلایەتە سکاڵایان لەوێش تۆمار کردووە، باس لەوە دەکەن هەندێک لە کارتەکانی دەنگدان بەبێ هۆکارێک رەتکراونەتەوە و بەمەش رێگە لە هەزاران کەس گیراوە دەنگ بدەن، بە گوتەی ئەوان "زۆرینەی ئەو دەنگانە بۆ دۆناڵد ترەمپ دەبوون".
نۆرت کارۆلینا
لەم ویلایەتە ترەمپ پێشکەوتووە، بەڵام هێشتا هەزاران دەنگ ماون هەژماربکرێن، تاوەکو 12ی ئەم مانگە کاتیان لەبەردەستە بۆ ژماردنی ئەو دەنگانە. کامپەینی ترەمپ داوایان کردبوو ژماردنی دەنگەکان بوەستێنن، تاوەکو ئەوکاتەی رێگە دەدرێت چاودێرانی کۆماری و پارێزەرەکان دەتوانن لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی جیاکردنەوەو ژماردنی دەنگەکان بکەن.