رووداو - سلێمانی
رۆژی هەینی 10-11-2017 چلەی ماتەمینی مام جەلال لە گردی دەباشانی سلێمانی بەڕێوەچوو. لە چلەکەدا هیچ مەراسیمێکی فەرمی و وتارێکی سیاسیی پێشەکەشنەکرا، بەڵکو تەنیا لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی و ئەو هاونیشتمانییانەی بەشداری چلەکەیان کرد، چەپکەگوڵ لەسەر ئارامگەکەی دانرا.
ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێپەڕی. مام جەلال کاژێر 03:00 ی دوانیوەڕۆی سێشەممە 3ی ئۆکتۆبەر لە نەخۆشخانەی شاریتەی بەرلین کۆچی دوایی کرد، سێ رۆژ دواتر لە 6-10-2017 دا تەرمەکەی گەڕێندرایەوە کوردستان و لە گردی دەباشان لە سلێمانی بەخاکسپێردرا.
جەلال تاڵەبانی لە شەشەمین ساڵی سەرۆکایەتیکردنی کۆماری عێراقدا بوو، لە 17-12-2012 دوای كۆبوونەوەیەكی دوو كاژێری لەگەڵ نووری مالیكی تووشی "جەڵتەی مێشك" بوو و گەیێندرایە نەخۆشخانەی مەدینە توب لە بەغدا. دوای ئەنجامدانی چەند پشكنینێك، دوای سێ رۆژ مانەوە سەرلەبەیانی رۆژی 20-12-2012 بە چاودێری تیمێكی پزیشكی تایبەت بەمەبەستی چارەسەر بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكرا.
دوای وەرگرتنی چارەسەر، رۆژی 19/7/2014 مام جەلال بە فڕۆکەیەکی ئامبوڵانسی تایبەت گەڕایەوە سلێمانی. بەر لە نەخۆشکەوتنی مام جەلال ویستوویەتی دەست لە سیاسەت هەڵبگرێت و دەست بە نووسین بکات. هەر لە سەرەتای نەخۆشکەوتنیشییەوە تیمێکی پزیشکی ئەڵمانی بەردەوام چاودێرییان دەکرد، بەڵام ئەوە نەبووە هۆکارێک بۆئەوەی تاڵەبانی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو کایەی سیاسی.
ژیاننامەی مام جەلال:
- جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە.
- ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە.
- مام جەلال لە نێوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت.
- لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.
- لە ساڵانی دواتریشدا رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و پێشمەرگە بووە، هەروەها کەسێکی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە.
- لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا ناکۆکیی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە، ئەوانەی لەگەڵ ئەودا هاوبیربوون لە مێژووی کوردستاندا بە باڵی جەلالی دەناسرێن.
- دوای رێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1971، مام جەلال بۆ نوێنەرایەتیکردنی شۆڕشی کوردستان بۆ ماوەیەک چووە بەیرووت.
- ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند و بووە سکرتێری گشتی ئەو حیزبە.
- بەدرێژایی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو رۆڵێکی سەرەکی لە شۆڕشی کوردستاندا گێڕاوە.
- لە نیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتادا لە چوارچێوەی دانوستاندندا لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، چاوی بە سەددام حوسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کەوت، بەڵام دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبوو.
- ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕا و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکرد.
- لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەددام حوسێن کەوتەوە، بەڵام ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێ ئەنجام بوون.
- تاوەکو ئێستا یەکێتی سێ کۆنگرەی بەستوون، لە هەرسێ کۆنگرەکەشدا بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.
- لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992 کاندید بوو بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان.
- لە نیوەی دووەمی نەوەتەکاندا بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی.
- ساڵی 1998 لەگەڵ مەسعود بارزانی و بە نێوانگیریی ئەمریکا رێککەوتننامەی واشنتنیان واژۆکرد، بەوهۆیەوە کۆتایی بە شەڕی براکوژی هێنرا کە چوار ساڵ بوو لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەڵایسابوو.
- لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) ، خولێکیش سەرۆکایەتیی جڤاتەکەی کرد، هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکی گێڕا.
- رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار، ئەو کەسەش مام جەلال بوو.
- رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ کرایەوە سەرۆککۆماری عێراق.
- لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.
- رۆژی 17-12-2012، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مێشک، لە بەغدا کەوتە نەخۆشخانە و دواتر بەپەلە گەیێندرایە ئەڵمانیا.
- بەر لە نەخۆشکەوتنی دەیویست واز لە سیاسەت بێنێ و دەست بە نووسین بکات.
- رۆژی 3-10-2017 لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
- رۆژی 6-10-2017 تەرمەکەی گەڕێندرایەوە سلێمانی و لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح