پەرلەمانتارێكی گۆڕان: چەند هەزار دۆلارێك دراوە بە گوڵ بۆ هاتنی شاندی حكومەت

رووداو – هەولێر

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا جگە لەوەی بڕیاردرا پەخشی راستە‌وخۆی گواستنەوەی دانیشتنەكە رابگیرێت، بڕیاریشدرا تەنیا سەرۆك فراكسیۆنەكان پرسیار ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی حكومەت بكەن، كە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان میوانداریكراون.

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، كە تێیدا میوانداری لیژنەی باڵای ئەنجوومەنی نەوت و غاز كراوە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی دارایی و ئابووری ‌و سامانە سروشتییەكان ‌و پلاندانان، تایبەتە بە تاوتوێكردنی پرسی وزە.

بەهۆی ئەوەی بڕیاردرا تەنیا سەرۆك فراكسیۆنەكان پرسیار بكەن، ژمارەیەك پەرلەمانتار بایكۆتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیان كرد‌و یەكێك لەو پەرلەمانتارانە ئێڤار ئیبراهیم پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بوو.

ئێڤار ئیبراهیم لە لێدوانێكدا بۆ رووداو گوتی: "ئێمە نوێنەری خەڵكین و دەبێ پرسیاری خۆمان هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ ئیرادە لە پەرلەمانتار سەندرایەوە، بۆیە من هەرگیز لە دانیشتنێك بەشدار نابم كە نەتوانم پرسیار بكەم".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان هەر لە لێدوانەكەیدا بۆ رووداو ناڕەزایی لە رێوشوێنە ئەمنییەكانی پەرلەمان دەربڕی، بەوەی كە دەچنە پەرلەمان ئۆتۆمبێلەكانیان دەپشكنرێ و گوتی "دەبێ لە دەرگای پەرلەمانەوە بەپێ بێینە ژوورەوە، ئەوە لەكاتێكدایە ئێمە متمانەمان داوەتە حكومەت، بەڵام ئەوان فەرشی سووریان بۆ رادەخرێ و ئۆتۆمبێلەكانیان دێننە ژوورەوە". گوتیشی "ئەمڕۆ چەند هەزار دۆلارێك خەرجكراوە بۆ كڕینی گوڵ لەبەر هاتنی شاندی حكومەت بۆ پەرلەمان".