رووداو دیجیتاڵ
هەردوو فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و نەینەوا لیئەهلیها، کە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوویان پێکهێناوە و زیاتر لە سێ مانگە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایان کرد بوو، بایکۆتەکەیان شکاند.
بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد، لەوکاتەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کرد.
بەشار کیکی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پشکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی شاندووە، بەشداریی کۆبوونەوەکەی سێشەممەی کرد؛ چونکە پەیوەندیی بە پرسی خزمەتگوزاریی خەڵکەوە هەبوو، لەمەودوا بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن دەکات."
وەک بەشار کیکی باسی دەکات، گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و جێبەجێ ناکرێت، تاوەکو ئەو پرسە بەتەواوی چارەسەر دەکرێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامیان لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "بەشداریی ئەو دانیشتنانەی ئەنجوومەن دەکەین، کە پەیوەندیان بە خزمەتگوزاریی پارێزگای نەینەوا هەیە، نەک کاروباری سیاسی دیکە."
ئەندامەکەی ئەنجوومەن گوتیشی، "دانیشتنەکەی سێشەممە پەیوەندیی بە خزمەتگوزارییەوە بوو، بۆیە بەشداریمان کرد؛ چونکە بەبێ ئێمە ناتوانرێت دەنگ لەسەر پرۆژە گرنگەکان بدرێت."
دیارترین بەرنامەی کار و بڕیارەکەی دانیشتنەکەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بریتی بوون لە:
- پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ پەسندکردنی ناوی موختارەکان، کە لە دیوانی پارێزگای نەینەواوە هاتبوو. دەسەڵات درایە لیژنەکە بۆ پەسندکردنی ناوەکان.
- تاوتوێ و خستنەڕووی نووسراوی دیوانی پارێزگای نەینەوا لەبارەی داواکاریی پەسندکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و سوودە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەش بە ئامادەبوونی یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری پلادانان و سەرۆکی لیژنەی بەشداری کۆمەڵایەتی.
- لیژنەیەک پێکهێنرا لە سەرۆکایەتی لیژنەکانی وزە، پلادانان، دارایی، خزمەتگوزاری و تەندروستی؛ ئەرکی لیژنەکە وردبینیکردنە لەو پرۆژانەی کە بە پارەی سوودە کۆمەڵایەتییەکان جێبەجێ دەکرێن.
هەر لەو کۆبوونەوەیدا دەنگ لەسەر تەواوکردنی جێگر و ئەندامانی پێنج لیژنەی ئەنجوومەنەکە درا، کە نوێنەرانی بەرەی بایکۆتیش لەو لیژنانەدا دیاریکران:
- پەسندکردنی ئەحمەد عەبد رەبە بە جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش، ئەندامبوونی مەروان تائی، سومەییە غانم و جەمال سەشۆ.
- پەسندکردنی سارە موئەیەد بە جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە، ئەندامبوونی هەریەک لە ئەحمەد دووبەردانی، سەبهان حەدیدی و رەبیع سوران.
- پەسندکردنی ئێریڤان مەهدی حاجی، جێگری سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانییەکان، ئەندامبوونی هەریەک لە عیدان شیخ کالۆ، هیشام هاشمی و سارە موئەیەد.
- پەسندکردنی معاز حەجی عەباس بە جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووریی، ئەندامبوونی هەریەک لە سەعدوون شەممەری، ساجیدە ئەفەند و هەدیل معماری.
- پەسندکردنی عیدان شێخ کالۆ بە جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەندامبوونی هەریەک لە ئەحمەد کیکی، مەحموود جبووری و محەممەد کاکەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ