رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، 2155 کچ و ژنی ئێزدی مووچەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە و 262 پارچە زەویشیان بەسەردا دابەشکراوە.
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 10-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ئافرەتە رزگاربووانەی دەستی داعش مووچەی مانگانەیان 800 هەزار دینارە.
رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژنانی رزگاربووی ئێزدی پەسندكرد. بە گوێرەی یاساکە دەبێت سەرجەم رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوو بکرێنەوە.
سەراب ئیلیاس، دەڵێت: "پرۆسەی پێشکێشکردنی داواکارییەکان بەردەوامە، بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە، یاخود تازە ئازاد دەکرێن. ئێستا 35 - 45 دۆسیەی دیکە هەیە کاریان لەسەر دەکرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتیشی، تاوەکو ئێستا لە شنگال 262 پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر رزگاربوواندا دابەشکراوە.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 581 کوردی ئێزدی لەدوای رفاندنیانەوە رزگار کراون. دوایینیان فەوزییە ئەمین سەیدۆ بوو کە لە کەرتی غەززە-وە گەڕێندرایەوە و ئێوارەی 2ـی ئەم مانگە بە کەسوکارەکەی شادبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ