رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی د. خەلیل ئیسماعیل، ئاكادیمی و زانای كورد سەرەخۆشی لە ماڵباتەکەی دەکات و رایگەیاند: کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو.
رۆژی چوارشەممە، 09-10-2024 بارەگای بارزانی پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆک بارزانی بۆ ماڵباتی د. خەلیل ئیسماعیل بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: د. خەلیل ئیسماعیل "ژیانی خۆی بۆ خزمەتكردنی زانست و پێگەیاندنی سەتان قوتابی و زانستخوازی كوردستان تەرخان كرد و جێی دەستی لە خزمەتكردنی ناوەندە ئاكادیمییەكان و دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی زانستیی كوردستان دیارە."
د. خەلیل ئیسماعیل لە ساڵی 1945 لەدایکبووە. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، "د. خەلیل 46 کتێبی نووسیوە یان وەرگێڕاوە، لەنێویاندا 19یان لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان بووە".
سەرۆک بارزانی کۆچی دوایی د. خەلیل ئیسماعیل بە "خەسارەتێکی گەورە" ناودەبات و دەڵێت: "سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی د. شوكریە ڕەسوڵ ـی هاوسەری، خانەوادە و كەسوكاری، تەواوی ئاكادیمییەكانی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆ دەكەم، خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاندووە: "لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بەهەموو لایەك ببەخشێت."
د. خەلیل ئیسمـاعـیل لە بواری جوگرافیا و سەرژمێریی دانیشتووان دەیان توێژینەوەی زانستی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان کردووە و چەندین كتێبی لەو بوارەدا نووسیوە.
د. خەلیل ئیسماعیل هاوژینی د. شوکریە رەسووڵە کە دکتۆرای لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ