وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لەکاتێکی باشدایە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی "هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردانی عێراق" گرنگە و لەکاتێکی باشدایە، ئامانج لێی بەهێزترکردنی سەقامگیری سیاسیی ناوخۆییە. 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "وەکو دەزانین، دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردان لە ئەیلوولی ساڵی 2018دا کرا، بۆیە پێمانوایە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و لە کاتێکی باشدایە." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەشڵێت، ئامانج لەم هەڵبژاردنە "بەهێزترکردنی سەقامگیری سیاسیی ناوخۆییە لە هەرێمی کوردی ئۆتۆنۆمی و عێراق بە گشتی."
 
بڕیارە رۆژی 20ـی ئەم مانگە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت. پەرلەمان لە 100 کورسی پێکدێت کە پێنجیان بۆ کۆتا داندراون و هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هیوای خواست، "هەڵبژاردنەکە بە گوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێوەرە فیدراڵییەکان بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەنگبدەن، بتوانن مافەکانیان بەکاربهێنن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکە:

رووداو: رۆژی 20ـی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئایا رووسیا هیچ تیمێکی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە ناردووە؟ هەروەها، پەیامی رووسیا بۆ لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەم هەڵبژاردنە چییە؟  
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە بۆ هەموو وڵات و هەرێمێک بۆ ئەوەی هەڵبژاردن رێکبخات، بەڵام پێویستە چەند شتێک هەیە لەبەرچاویان بگرین، بۆیە با بەشێوەیەکی دیکە وەڵامت بدەمەوە. وەکو دەزانین، دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردەکان لە ئەیلوولی ساڵی 2018دا کرا، بۆیە پێمانوایە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و لە کاتێکی باشدایە، کە ئامانج لێی بەهێزترکردنی سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆییە لە هەرێمی کوردی ئۆتۆنۆمی و عێراق بەگشتی. هیوادارین هەڵبژاردنەکە بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێوەرە فیدراڵییەکان بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەنگبدەن، بتوانن مافەکانیان بەکاربهێنن.