400 قوتابیی گوندێکی سنووری هەولێر بێ قوتابخانەن

37 خولەک له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
دیمەنێک لە بەرنامەکە.
دیمەنێک لە بەرنامەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
466 ماڵی گوندێکی سنووری هەولێر قوتابخانەیان نییە و نزیکەی 400 قوتابی گوندەکە رۆژانە بە پاس و تاکسی دەچنە گوندەکانی دەوروبەریان. خێرخواز بینایەکی تەواونەکراویان دروستکردووە و بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، دەڵێت بەدواداچوون دەکەن بۆ تەواوکردنی قوتابخانەکە.
 
گوندی عارەبکەندی نوێ تەنیا 8 کیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێر دوورە. رێناس فاتیح، دانیشتوویەکی گوندەکەیە، رۆژانە دوو منداڵی بە ئۆتۆمبێلەکەی دەباتە هەولێر بۆ خوێندن، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "حەوت ساڵە منداڵەکانم لە گوندەوە بۆ خوێندن دەبەمە قوتابخانەیەکی هەولێر. نەبوونی قوتابخانە کێشەی زۆری بۆ دروستکردووین. بەشێکی گوندنشینان بەهۆی نەبوونی قوتابخانەوە منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە."
 
موختاری گوندی عارەبکەند بە هاوکاریی خێرخوازان، سێ ساڵە دەستیان بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی نۆ پۆلی لە گوندەکە کردووە و بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە. ئەمیر عەبدوڵڵا لە بەرپرسیار، گوتی: "گوندەکەمان 466 ماڵە، 20 ماڵی گوند بەهۆی نەبوونی قوتابخانەوە گوندیان جێهێشتووە. سەرووی 400 قوتابی گوند رۆژانە بە کۆستەر و تاکسی هاتووچۆ دەکەن، بەشێکیان بەپیادە 2 کیلۆمەتر دەڕۆن و شەقامێکی سەرەکی لەسەر رێگەیە و مەترسی زۆر لەسەر گیانیان هەیە. جگە لە زەحمەتی زستان و لافاو و گیرانی رێگە."
 
رۆژانە نزیکەی 400 قوتابی گوندەکە، لە قۆناخی یەکی بنەرەتی بۆ 12 ئامادەیی بە پاس و تاکسی دەچن بۆ قوتابخانەی گوندەکانی دەوروبەریان.
 
پەیامنێری رووداو، چووەتە گوندەکە و لە بەیانییەکی زوودا دۆخی قوتابیانی خستووەتە ڕوو. بنیامین رەفعەت، قوتابی پۆلی شەشی بنەڕەتی گوندەکەیە، بە رەنجە جەمالی گوت: "هەموو رۆژێ بە کۆستەری لەگەڵ برادەرەکانم بە پاسی دەچینە گوندی قەریەتاخ، قوتابخانەمان نییە."
 
بەهۆی قوتابیانی عارەبکەندی نوێ، قوتابخانەی گوندەکانی دەوروبەری جمەیان دێت و کەم تەختە هەیە سێ قوتابی لەسەر دانەنیشتبێت. سەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژیلیای کچان لە قەریەتاخ، لە بەرپرسیار، گوتی: "ژمارەیەکی زۆر قوتابی عارەبکەند لە قوتابخانەکەمان دەخوێنن، بارێکی قورسە و بەشێکی پۆلەکان سێ قوتابی لەسەر یەک تەختەن، بە هەردوو دەوامی قوتابخانەکەمان، نزیکەی 300 قوتابی عارەبکەند لەلامان دەخوێنن. جگە لەوە کێشەی کەمی مامۆستاشمان هەیە."
 
پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، "بەڵێن"ـی بەدواداچوونی دەرخستەی تەواوکاری قوتابخانەی عارەبکەندی نوێ دەدات. فەهمی سڵێوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، لە بەرپرسیار، گوتی: "قوتابخانەکە لە رێگەی خێرخوازانەوە دروستدەکرێ. دوای وەستانی، هەوڵی خۆم دا بۆ تەواوکاری، هەرچەندە تاوەکو وەستانی کارکردن لە بیناکە، پەیوەندییان بە ئێمەوە نەکردبوو، تەواوکردنی قوتابخانەکە کێشەی سێ گوند چارە دەکات. بەدواداچوون بۆ دەرخستەکە دەکەم بۆ تەواوکردنی قوتابخانەکە."
 
زیاتر لە ساڵێکە قوتابخانە تەواونەکراوەکە دەرخستەیەکی لە 14-08-2023 بۆ کراوە، تەنیا 188 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی پێویستە. وریا عومەر، ئەندازیار لە بەشی ئەندازەی قوتابخانەکانی پارێزگای هەولێر، بە رووداوی گوت: "کەشفی تەواومان بۆ قوتابخانەکە کردووە، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر چوار مانگ پێش ئێستا بە منی گوت؛ خراوەتە نێو پلانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە بەرنامەکە.

100 کورسی؛ بەرنامەی بەربژێران بۆ زمانی کوردی چییە؟

بەرنامەی 100 کورسی یەکێکە لە بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە رۆژانی هەڵبژاردندا پێشکێش دەکرێت. بەرنامەی ئەمجارە تایبەت کرا بە گفتوگۆکردن دەربارەی پرسی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی.