دوای 15 رۆژ لە دەستپێکردنی بانگەشە، بزووتنەوەی گۆڕان کارنامەی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە، بەمەش تەنیا کەمتر لە هەفتەیەک ماوە دەنگدەران دەرفەتیان هەبێت، کارنامەی ببینن.
رۆژی چوارشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ دواجار بزووتنەوەی گۆڕان، کارنامەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کاژێر 12:00ـی شەوی 15ـی ئەم مانگە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
کارنامەی بزووتنەوەکە، لە نامیلکەیەکی 18 لاپەڕەیی و هەشت تەوەری سەرەکی پێکهاتووە. بەرنامەی بزووتنەوەکە بە تەوەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، دواتر باس لە تەوەرەکانی؛ ئامانجە نیشتمانی و دیموکراتییەکان، حکومەت و پەرلەمان، تەندروستی و ژینگە، گەنجان، خوێندکاران، ئافرەتان دەکات و بە تەوەری پرۆژەی ستراتیژی کۆتایی دێت.
بڵاوکردنەوەی کارنامەی بزووتنەوەکە لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ ئەوە نەبوون، بزووتنەوەکەیان بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات."
هەفتەی رابردووش، سەرۆکی لیستی بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی بە رووداوی راگەیاندبوو بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی نێو بزووتنەوەکە، بڵاوکردنەوەی کارنامەی هەڵبژاردنیان دواکەوتووە.
هەروەها رۆژی7ی تشرینی یەکەم، چۆمان محەممەد، سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی و رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەکە، بە رووداوی راگەیاندبوو "پێشتر کارنامەی لیستی گۆڕانمان ئامادەکردبوو، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتین، بڵاوکردنەوەی کارنامەکە دواکەوت."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات، کە زۆرترین بەربژێری لە بازنەی پارێزگەی سلێمانییە بە 45 بەربژێر و کەمترینیشیان لە بازنەی دهۆکە کە تەنیا یەک بەربژێری هەیە.