عەلی باپیر: لەم وڵاتەدا موسڵمان و ناموسڵمان هەموویان هاووڵاتی و مرۆڤن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان رایگەیاند، "موسڵمان و ناموسڵمان و نوێژکەر و نوێژنەکەر لەم وڵاتەدا هاووڵاتى و مرۆڤن و پێویستە هەمووان پێکەوەبین و بەرزى نزمى و  چینایەتى نەبێت".
 
ئەو گوتانەى عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە گوتارێکدا بوو لە گردبوونەوەى بانگەشەى هەڵبژاردنى لایەنگرانى ئەو پارتە لە پارێزگاى هەڵەبجە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ى تشرینى یەکەم پێشکێشی کرد.
 
عەلی باپیر گوتى، "هەموو خەڵک لەم وڵاتەدا بە موسڵمان و ناموسڵمان و نوێژکەر و نوێژنەکەر و ئیسلامى و نائیسلامییەوە هەمووى هاووڵاتى و مرۆڤن و دادگەرى کاری ئێمەیە، پێوەرى ئێمە مرۆڤبوون و هاووڵاتیبوونە".
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان گوتیشى، "پێویستە هەموومان پێکەوەبین، بەرزى نزمى نەبێت، چینایەتى نەبێت و هەموو خەڵکى ئەم وڵاتە وەک یەک مافیان هەیە".
 
کۆمەڵى دادگەرى کوردستان 59 بەربژێرى لە هەر چوار بازنەکەى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان.
 
23ى ئەیلوولی 2024 و بەر لە دوو رۆژ لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن، لیستى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى بەربژێرەکانى لە بازنەى ھەڵەبجە کشاندەوە و بڕیاریدا دەنگ بە لیستى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان بدات.
 
عەلی باپیر سوپاسی بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کرد و کە بە دەنگ بانگەوازەکەیانەوە هاتوون و گوتى، "ئەو بانگەوازە بۆ خەڵکی دیکەش بوو، ئێمە بەپێکەوەبوون هێزمان دەبێت و بە پەرش و بڵاوى بێهێز دەبین".
 
20ى تشرینى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت، 14 پارت و هاوپەیمانێتى رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمانى داهاتوو. 
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان گوتى، "ئێمە بەتەما نین کە دەسەڵاتمان وەرگرت و سەرکەوتین تەنیا بیر لە ئەندامەکانى خۆمان بکەینەوە".
 
عەلى باپیر ئاماژەى بەوەشدا، "پێویستە سەرکردایەتى سیاسیى کورد پێکەوە بە جیدى کار بکەن بۆ گەیاندنى دەنگی ستەملێکراوى خەڵکى هەڵەبجە بە حکومەتى فیدراڵى عێراق و مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکەن".