گۆڕان لە حکومەت کشایەوە

 رووداو دیجیتاڵ
 
بزووتنەوەى گۆڕان بڕیاریدا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی بکشێتەوە؛ رێکخەرى بزوتنەوەکە دەڵێت، "بڕیارەکە درەنگ وەختە، بەڵام راستە".
 
 دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى نائاسایی، جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان بە زۆرینەى دەنگ بڕیاریداوە لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و خۆجێیی بکشێتەوە.
 
بەگوتەى دانا ئەحمەد مەجید، ئەو بڕیارە وەڵامدەرەوەى خواست و داواکارى "هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان" بووە.
 
پشکى بزووتنەوەى گۆڕان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بریتییە لە وەزیرانی دارایی و ئابوورى، کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازیى و بازرگانی. هەروەها پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشیان هەیە.
 
رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، بڕیارەکە بەشێکە لە زنجیرەیەک گۆڕانکاری و هەڵوێست و بڕیار دواى گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانى بزووتنەوەکەیان.
 
 دیارترین بەشداریی بزووتنەوەى گۆڕان لە حکومەتى خۆجێیی لە سنورى پارێزگاى سلێمانى بوو، باڵاترین پۆستى کارگێڕى بەدەستەوەیە کە پارێزگارە.
 
دانا ئەحمەد مەجید لەپەیامەکەیدا گوتى، "ئەزموونى بەشداریکردن لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرکەوتوو نەبووە، حکومەت ئەو کارنامەیەى جێبەجێ نەکردووە کە بۆ چاکسازى نووسراوە، ئەگەرچى بڕیارەکە درەنگ وەختە، بەڵام راستە".