لە وان و مێردین خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ پێنج رۆژ قەدەخە کران

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای پارێزگاکانی ئامەد و ئێلیهـ، لە وان و مێردین ـی باکووری کوردستانیش خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ پێنج رۆژ قەدەخە کرا. 
 
لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا کە رۆژی چوارشەممە، نۆی تشرینی یەکەم لەلایەن پارێزگەکانی وان و مێردین بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، لەوانەیە لە چوارچێوەی بانگەوازەکانی پەکەکەدا "چالاکیی تێکدەرانە و چالاکی دیکە دژی یەکێتیی نیشتمانی" بکرێت، ئەوەش لە کاتی گردبوونەوەکەدا ئاسایش و ئارامی خەڵک تێکدەدات.
 
بەو هۆیەوە لە کاژێر 00:01ـی رۆژی چوارشەممە تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی رۆژی یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەم، سەرجەم چالاکییەکانی وەک رێپێوانی جەماوەری، گردبوونەوە، دانانی ستاند، هەڵدانی خێوەت، هەڵواسینی لافیتە و رێکخستنی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە سنووری پارێزگاکانی وان و مێردین قەدەخەیە. 
 
هەمان رۆژ، پارێزگای ئێلیهـ و رۆژی پێشتریش پارێزگای ئامەد لە رێگەی بڵاوکردنەوەی راگەیێندراو، بە هەمان پاساو لە کاژێر 00:01 ـی رۆژی چوارشەممە تاوەکو کاژێر 23:59 خولەکی رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەم قەدەخەکردنی هەموو جۆرە چالاکی و گردبوونەوەیەکی لە سنووری پارێزگاکانیاندا راگەیاند. 
 
دەم پارتی، بڕیاریداوە لە 13ـی ئەم مانگەدا لە ئامەد گردبوونەوەیەک رێکبخات و دەڵێت، تێیدا تیشک دەخاتە سەر "پرسی کورد و دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە."  
 
بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەکە ئامادەکاریی کردووە و خەڵک بانگهێشت دەکات بۆ بەشداری لە گردبوونەوەکەدا.