زیاتر لە 12 هەزار چاودێری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی چاودێریی هەڵبژاردن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 11 هەزار بریکاری حیزب و هەزار چاودێری رێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوا ئاماری بریکاری حیزبەکان، رێکخراو و کۆنسووڵخانەکان بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکە، نزیکەی 11 هەزار بریکاری حیزبەکان و زیاتر لە هەزار و 100 چاودێری رێکخراوە نێوخۆییەکان دەچنە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "کۆمیسیۆن لەوپەڕی ئامادەییدایە و بانگهێشتنامەمان بۆ سەرجەم رێکخراو و کۆنسووڵخانەکان ناردووە بۆ ئەوەی بێن و چاودێری هەڵبژاردن بکەن".
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە رۆژی 9-10-2024 بڵاویکردەوە، 13 کۆنسووڵخانە، 17 رێکخراو بە 1372 چاودێرەوە بەشدار دەبن، هەروەها 18 دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی بە 75 رۆژنامەڤانەوە لە ناوەندەکانی دەنگدان رووماڵی هەڵبژاردن دەکەن.