بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر: زیاد لە پێویست نەوتمان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 200 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە. بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێریش دەڵێ: "زیاد لە پێویست نەوتمان هەیە بۆ دابەشکردن."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: "تائێستا نزیکەی 40 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 199 هەزار خێزان دابەشکراوە، کە دەکاتە 23٪ـی کۆی نەوتی دابەشکراو."
 
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا 17 ملیۆن لیتر نەوتیان لە سنووری پارێزگاکە دابەشکردووە و بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو خێزانێک نەوت وەردەگرێت.
 
ئاری کاکەشین گوتی: "زیاد لە پێویست نەوتمان لەبەردەستە، ئەگەر وەرزی سەرما درێژەی کێشا و حکومەتی عێراق هاوکار بوو، دەتوانین نەوتی دیکەش دابەش بکەین."
 
بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕی نەوتی دابەشکراو بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
 
- پارێزگای هەولێر: 10 ملیۆن و 704 هەزار لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە 53 هەزار خێزان دابەشکراوە.
 
- ئیدارەی سۆران: 5 ملیۆن 837 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 29 هەزار خێزان دابەشکراوە.
 
- پارێزگای سلێمانی: 11 هەزار و 393 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 56 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
 
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 ملیۆن و 902 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 14 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
 
- پارێزگای دهۆک: 6 ملیۆن و 582 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 32 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
 
- ئیدارەی زاخۆ: 2 ملیۆن و 363 هەزار لیتر بەسەر زیاتر لە 11 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 267 ملیۆن لیتر نەوتە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراوە.
 
نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و بەرمیلی 100 هەزار دینارە و 3 هەزار بۆ کرێ و هەزار دیناریشی بۆ کارتی زیرەک دەچێتەسەر و بە 104 هەزار دینار دەگاتە  دەستی هاونیشتمانییان.
 
ساڵی رابردوو بە هەمان شێواز و نرخ، نەوت درایە هاونیشتمانییان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
 
بە گوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.