کۆمیسیۆن: دەبێ کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانی تایبەت 20ـی مانگ دەنگ بدەن

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، کارمەندانی وێستگە و ناوەندەکانی دەنگدانی گشتی، لە هەمان شوێنی خۆیان دەنگ دەدەن و دواتر کارتەکانیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام کارمەندانی دەنگدانی تایبەت ناتوانن لە هەمان رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارمەندانی کۆمیسیۆن لە وێستگە و ناوەندەکانی دەنگدانی گشتی، دەبێت لەنێوان کاژێر 07:00 بۆ 08:00ـی بەیانی رۆژی دەنگدان، لە هەمان شوێنی خۆیان دەنگ بدەن و دواتر کارتەکانیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام کارمەندانی دەنگدانی تایبەت ناتوانن لە هەمان رۆژدا دەنگ بدەن، بەڵکو لە رۆژی دەنگدانی گشتی دا وەکو هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی دەنگ دەدەن".
 
گوتیشی، "بەرپرسی هەر ناوەندێکی دەنگدانی گشتی کارتی بایۆمەتری سەرجەم کارمەندەکان لە دوای دەنگدانیان کۆدەکاتەوە و لەنێو کیسێکدا هەڵیدەگرێت و دواتر واژۆی لەسەر دەکات".
 
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، "کارتى بایۆمەتریی کارمەندەکان دەخرێنە نێو زەرفێکى قەبارەى A3 و لە بەردەم کامێراى چاودێرى وێستگەکان زەرفەکە دادەخرێت و ژمارەى کارتى کارمەندەکانى سەر سندووقى دەنگدانى لەسەر دەنووسرێت، دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان، ناوی کارمەندانی سەرجەم وێستگەکانی هەر بازنەیەک کۆدەکرێنەوە و لەگەڵ راپۆرتی ئامێرەکانی وردبینی زانیاری دەنگدەران بەراورد دەکرێن و دواتر واژۆیان لەسەر دەکرێت".
 
زیاتر لە 41 هەزار کارمەند سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان دەکەن، کە لە رۆژی 20ـی تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ دا بەڕێوەدەچێت.