وەزارەتی خوێندنی باڵا مۆڵەت دەداتە خوێندکارانی دەرەوە تاوەکو بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا 13 رۆژ مۆڵەت دەداتە ئەو خوێندکارانەی دەرەوە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان.
 
پێنجشەممە 10-10-2024 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بە ژمارە 20 هەزار و 175 دەرکردووە و واژۆی د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەسەرە.
 
لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "بە مەبەستی ئاسانکاری و رەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێماندراوە، بڕیارماندا بە رێگەپێدان بە خوێندکار/قوتابیانی دەرەوەی وڵات بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆماوەی دوو هەفتە لە رێککەوتی 12 تاوەکو 25-10-2024".
 
بەگوێرەی ئەو داتایەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بە رووداو دراوە، زیاتر لە سێ هەزار خوێندکاری هەرێمی کوردستان ئێستا لە دەرەوە ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت، "مۆڵەتدانی ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانیان لە دەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا نییە، بەڵکو مەبەست لەم فەرمانە، هەژمارنەکردنی ماوەی گەڕانەوەیانە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی رێنمایی، هەر خوێندکارێک کە لە دەرەوە ماستەر دەخوێنێت دەبێت 12 مانگ بە بێ دابڕان لە دەرەوە بێت. هەروەها هەر خوێندکارێک دکتۆرا دەخوێنێت، دەبێت 24 مانگ بەبێ دابڕان لە دەرەوە بێت، ئەگینا بڕوانامەکەی هەموار ناکرێتەوە".
    
گوتیشی، "وەکو کارئاسانییەک بۆ ئەوەی مافی دەنگدانیان نەفەوتێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ فەرمانەکەی دەرکردووە و هەر خوێندکارێک لە ماوەی 12 بۆ 25ـی ئەم مانگە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، ئەو ماوەیەی بە دابڕان بۆ هەژمار ناکرێت و لە کاتی هەموارکردنەوەی بڕوانامەکەی هیچ کێشەیەکی نابێت". 
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 20-10-2024 بەڕێوەدەچێت، کۆمیسیۆن لەم هەڵبژاردنەدا هیچ بنکەیەکی بۆ بەشداریکردنی دەنگدەرانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەکردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری بۆ بەشێکیان و دانانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، بۆیە هەر دەنگدەرێکی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بێت، دەنگەکەی دەفەوتێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵی بەرواری باڵا.

پێشبینی دەکرێت داهاتی فێستیڤاڵی بەرواری باڵا بگاتە 500 ملیۆن دینار

دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە نێوخۆییەکانی دەڤەری بەرواری باڵا بە بەشداری جووتیارانی باشوور و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. پێشبینی دەکرێت نزیکەی 500 ملیۆن دینار داهاتی هەبێت