رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئارامیی پارێزگەی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هەرچی زووە بچن کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوە. جەخت دەکاتەوە لەوەی "بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان قەدەخەیە".
رۆژی پێنجشەممە، 10-10-2024 لیژنەی ئارامیی پارێزگەی سلێمانی، بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کۆبووەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە "گفتوگۆ لەسەر دوائامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کرا، کە بەشێوەیەکی یاسایی و پێویست بەڕێوەدەچێت."
لیژنەکە جەخت لە چەند خاڵێکی تایبەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت "بردنە ژوورەوەی مۆبایل و هۆکانی وێنەگرتن بۆ ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەخەیە. پێویستە نوێنەری کەناڵە راگەیاندنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان پێبێت و رووماڵ لەو بنکانەدا بکەن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری کراون."
لەبارەی چاودێرانی پرۆسەی هەڵبژاردن، لیژنەی ئارامیی سلێمانی جەختدەکاتەوە "پێویستە چاودێرانی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و چاودێرانی لایەن و قەوارە بەشداربووەکان باجی فەرمیی تۆمارکراوی کۆمسیۆنیان پێبێت."
هاوکات، لیژنەی ئارامیی سلێمانی رایدەگەیێنێت: "پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکو ئێستا کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، لە زووترین کاتدا بچن کارتەکان وەربگرنەوە، بەپێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت."
کۆمیسیۆن لە رۆژی 15ـی ئەم مانگەوە بنکەکانی هەڵبژاردن وەردەگرێت و ئامێرەکانی دەگوێزێتەوە بۆ بنکەکان، بەو هۆیەشەوە لە 15 تاوەکو 21-10-2024 وەزارەتی پەروەردە دەیکاتە پشوو.
لەبارەی ئەو دەنگدەرانەش کە داوای گواستنەوەی شوێنی بنکەی دەنگدانیان وەرگرتووە، لیژنەی ئارامیی سلێمانی روونیکردووەتەوە "هەر هاووڵاتییەک داوای گواستنەوەی شوێنی بنکەی دەنگدانەکەی کردووە و گواستنەوەکەی بۆکراوە و نەهاتووە کارتە نوێکەی لە کۆمیسیۆن وەربگرێت، لە زووترین کاتدا سەردانی نزیکترین بنکەی دەنگدان بکات بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی."
وەک لیژنەی ئارامیی سلێمانی ئاماژەی بۆ کردووە: "لە هەر وێستگەیەکی دەنگداندا تەنیا لە سەدا پێنجی ئەو هاووڵاتییانەی لەکاتی وەرگرتنی کارتی بایۆمەتریدا پەنجەمۆرەکەیان نەخوێندراوەتەوە، دەتوانن دەنگ بدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ