لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا 150 پارێزەری خۆبەخش سکاڵا لە دەنگدەران وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پارێزەری سەر بە چوار لایەنی سیاسی، پڕۆژەیەک دژی گوشار خستنەسەر دەنگدەران رادەگەیێنن و دەڵێن، "هەر دەنگدەرێک گوشاری لێدەکرێت، پەیوەندیمان پێوەبکات بۆ ئەوەی سکاڵاکەی ببەینە بەغدا."
رۆژی پێنجشەممە، 10-10-2024، ژمارەیەک پارێزەر لەبەردەم دادگەی هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد. عەلی گردەسۆری، بەناوی ئەو پارێزەرانەوە رایگەیاند، "ئێمە ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخشین لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی گۆڕان و بەرەی گەل، بە خۆبەخشی داکۆکی لەو دەنگدەرانە دەکەین کە گوشاریان لێدەکرێت".
زانا رۆستایی، کە یەکێکە لەو پارێزەرە خۆبەخشانە لەبارەی پڕۆژەکەیان و وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان بە رووداوی گوت: "لەمڕۆوە دەست دەکەین بە وەرگرتنی سکاڵای هاونیشتمانییان، هەرچەندە هێشتا زووە، بەڵام پڕۆژەکەمان زیاتر بۆ رۆژی دەنگدانە بۆ ئەوەی هەر گوشارێک لە دەنگدەران بکرێت ئەگەر پێیان باشبوو رێگەی یاسایی بگرنەبەر، ئێمە ئامادەین داکۆکیان لێبکەین".
عەلی گردەسۆری گوتی: "هەر دەنگدەرێک زیانی پێکەوتبێت، خۆبەخشانە داکۆکیی لێدەکەین و سکاڵاکانیان دەجووڵێنین."
سەردار هەرکی، پارێزەرێکی دیکەیە، لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا گوتی: "ئەوەی سیاسییەکان پێیان نەکراوە، ئێمەی پارێزەر پێمانکراوە و توانیومانە ژمارەیەک پارێزەر لەسەر پڕۆژەیەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کۆببینەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی هەڵبژاردن، هەر کەسێک هەڕەشەی لێکرابێت یان پێشێلکارییەکی لەسەر هەڵبژاردن بەرامبەر کرابێت، سکاڵاکانیان وەردەگرین و دەیگەیێنینە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن".
گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیەمان تەنیا بۆ ئەوەیە ساختەکاری نەکرێت و دەنگدەران بە ئازادانە دەنگ بدەن".
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییدا پارێزەران رایانگەیاند، کە "لە ئێستاوە گوشارەکان دەستیپێکراوە و کارتی دەنگدان لە دەنگدەران وەرگیراوە". لەوبارەوە زانا رۆستایی، کە هاوکات ئەندامی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستانیشە، روونیکردەوە، "ئێمە دەمانەوێت دەنگدانێکی ئازادانە هەبێت و دەنگدەر ئازاد بێت، راستە ئێمە پارێزەرین و سەر بە کۆمەڵێک لایەنی سیاسین، بەڵام داکۆکی لە هەموو دەنگدەرێک دەکەین بەبێ جیاوازی."