کێ دەتوانێت لە بنکەکانی VIP دەنگ بدات؟

رووداو دیجیتاڵ 

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سێ بنکەی VIP لە بەغدا، هەولێر و سلێمانی دەکرێنەوە. بە گوێرەی رێنماییەکان، سەرۆک و  سەرکردە سیاسییەکان، سەرۆکی حیزبەکان، ئەندامانی پەرلەمان و ئەوانەی لە پلەی بەڕێوەبەرە گشتییەکانن، دەتوانن لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانیان لەو بنکانە دەنگ بدەن.

بە گوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، ئەوانەی لەو بنکانە دەنگ دەدەن، مەرجی سەرەکی ئەوەیە دەبێت کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەبێت، ناو، زانیاری و واژۆیان لە لیستێک تۆمار دەکرێت، هەروەها پەنجەمۆریان وەردەگیرێت، ئەوانەش کە کارتی دەنگدانی تایبەتیان هەیە ناتوانن لەو سێ بنکەیە دەنگ بدەن.
 
کۆمیسیۆن رێنماییەکی تایبەتی بۆ دەنگدان لەو سێ بنکەیە دەرکردووە، بە گوێرەی رێنماییەکە "هەمان رێکارەکانی دەنگدانی گشتی لەو بنکانە پەیڕەو دەکرێن، هەروەها هەمان ئەو ئامێرانەی لە بنکەکانی دیکەی دەنگدان دانراون، لەو بنکە (ڤی ئای پی)یانەش دادەنرێن".
 
بە گوێرەی ئەو رێنماییە، ئەو رۆژنامەڤانانەی لەو بنکانە سەرقاڵی رووماڵکردنی دەنگدانن، دەتوانن دەنگ بدەن، بەو مەرجەی کارتی بایۆمەتری، کارتی نیشتمانی و کارتی زانیارییان پێبێت.
 
بەشێکی رۆژنامەڤانان لە دەرەوەی شارەکانی خۆیان، سەرقاڵی کاری رۆژنامەڤانین و رەنگە دەنگدان بۆ ئەوان و گەڕانەوە بۆ شارەکانیان سەخت بێت، لەبارەی چارەنووسی دەنگی ئەو رۆژنامەڤانانە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند "راگەیاندنکاران کە لە بنکەکانی کۆمیسیۆن باجی رێگەپێدانیان بۆکراوە بە مەبەستی رووماڵکردنی هەڵبژاردن، ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان هەیە، دەتوانن لەو بنکە ڤی ئای پی-یانە دەنگبدەن."