ماریا زاخارۆڤا بۆ رووداو: هەوڵی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەین

10-10-2024
نیاز مستەفا
پرسیاری رووداو لە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
پرسیاری رووداو لە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک بۆ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات و نایانەوێت گرژییەکانی لوبنان و ئیسرائیل فراوان ببن. 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە گرژییەکانی لوبنان و ئەگەری فراوانبوونیان گوتی: "دەمانەوێت گرژییەکان بوەستێندرێن، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆنترۆڵ بکرێ و گرژییەکان کەمببنەوە."
 
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "بە هەموو توانامانەوە هەوڵی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەین. هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەکەین."
 
لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023وە، هێرشەکانی حیزبوڵـڵای لوبنان و ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی دەستیان پێکردووە، لە نێوەڕاستی ئەیلوولی ئەم ساڵیشەوە هێرشەکان چڕبوونەتەوە.
 
بەهۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵا و ژمارەیەک بەرپرسی سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان، هەفتەی رابردوو ئێران 200 مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، تەلئەڤیڤیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی تاران دەکات. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا زیادبوونی گرژییەکانی خستە ئەستۆی وڵاتانی رۆژئاوا و گوتی: "وڵاتانی رۆژئاوا رێگری لە هەر هەوڵێک دەکەن بۆ داننان بەوەی گرژییەکان چەقیان بەستووە و چارەسەری سیاسییان ناوێت، ئەوان تەنیا دەتوانن چەک بۆ ئەو ناوچەیە بنێرن."
 
بە گوێرەی بەرپرسانی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 1.2 ملیۆن کەس ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش 400 هەزاریان چوونەتە سووریا کە 300 هەزاریان هاووڵاتیی سووریایی بوون. 
 
رووداو: نیاز مستەفام، کارمەندی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵتانم. وەکو دەزانین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامە، ئەگەرێک هەیە جەنگەکە فراوان بێت و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش بگرێتەوە، لەوانە عێراق، سووریا و ئێران. هەڵوێستی رووسیا چییە لەسەر ئەو جەنگە؟ ئایا چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو جەنگە بۆ وڵاتانی دیکە، بەتایبەت عێراق، سووریا و ئێران پەرەنەسێنێت؟ 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: "دەمانەوێت گرژییەکان بوەستێندرێن، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆنترۆڵ بکرێ و گرژییەکان کەمببنەوە. بە هەموو توانامانەوە هەوڵ بۆ رێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگیکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەین. هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین. لە رۆژی یەکەمی زیادبوونی گرژییەکانەوە، لەگەڵ ئیسرائیلیەکان و هاوبەشەکانمان کارمان دژی هێرشە تیرۆریستییەکان کردووە. هەروەها، ئامانجمان بووە گرژییەکان بە سیاسیانە و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەربکەین. دەبینین کە وڵاتانی رۆژئاوا رێگری لە هەر هەوڵێک دەکەن بۆ داننان بەوەی گرژییەکان چەقیان بەستووە و چارەسەری سیاسییان ناوێت، ئەوان تەنیا دەتوانن چەک بۆ ئەو ناوچەیە بنێرن. هەموو ئەوەی لەدەستمان بێت بەو پەڕی دڵسۆزییەوە دەیکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژیانە و هەموو رێکارەکانیشمان بەو ئاڕاستەیەن. سەبارەت بە گفتوگۆی بەرپرسانی باڵامان، ئیدارەی سەرۆکمان دەتوانێت لەوبارەیەوە قسە بکات، بەڵام ئەوە روونە کە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی ناوچەکە و بەرپرسانی باڵایان، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێکی گفتوگۆکانە. زانیاری ورد لەبارەی گفتوگۆکانی داهاتوو نادەم و ئەمە کاری من نییە، بەڵام پێویستە دڵنیاییت پێبدەم کە سەرکردایەتی وڵاتەکەمان سەرنجێکی زۆری لەسەر ئەم گرژیانەیە و ئەوە گرژییەکی نێوخۆیی نییە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر وڵات بەشدارن تێیدا. ئەمە قەیرانێکی چەند لایەنەیە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای بەفربارین لە کرماشان. وێنە: تایبەت بە رووداو

بەهۆی بەفربارینەوە لە 11 شاری کرماشان خوێندن کرایە ئۆنلاین

لە کۆبوونەوەی بەپەلەی رۆژی هەینی، 20/12/2024ی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی پارێزگای کرماشان بە سەرپەرشتی پارێزگار، بڕیاردرا ئەمڕۆ شەممە قوتابیان لەو پارێزگایە، جگە لە شارەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گیەڵان، نەچنە قوتابخانە و ئۆنلاین وانەکانیان بخوێنن.