وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی بەدەستهێنانی خەڵاتی ستیڤی لە رووداو دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی بەدەستهێنانی سێ خەڵاتی نێودەوڵەتیی ستیڤی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، لە سەرەتایی دامەزراندنییەوە، رووداو توانیویێتی متمانەی وەرگر لە نێوخۆ و لە دەرەوە بەدەستبهێنێت.

رۆژی پێنجشەممە،10-10-2024، شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد و رایگەیاند: "رووداو تاوەکو ئێستا توانیویێتی پیشەییانە و بابەتیانە لە چوارچێوەی رێسا و یاسا رۆژنامەوانییەکاندا کاربکات."
 
شۆرش ئیسماعیل باس لەوە دەکات: "رووداو توانیویێتی لە ئاستی نێودەوڵەتی شانبەشانی دەزگا میدیاییە جیهانییەکان کاربکات."
 
رۆژی 24-08-2024 تۆڕی میدیایی رووداو بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی راگەیاند، رووداو "بە شانازییەوە سەرکەوتنێکی دیکەی لەسەر ئاستی جیهان دا رادەگەیێنێت بە بردنەوەی سێ خەڵاتی ستیڤی، لەلایەن هەر یەک لە بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بڕوا کیانی، بەڵگەفیلمی (ساڵێک شەڕ) و پڕۆژەیەکی هاوبەشی رووداو و نەتەوەیەکگرتووەکان."
 
لە کێبڕکێی ئەم ساڵی براندە گەورە جیهانییەکانی وەکو گووگڵ، ئای بی ئێم، ماستەرکارد مەیامیدا لەسەر خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی ستیڤی، تۆڕی میدیایی رووداو لەیەک کاتدا سێ خەڵاتی زێڕین و برۆنزی بردەوە. بردنەوەکەی رووداو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی لیژنەی گەورەی هەڵسەنگاندنی ستیڤییە، کە 3600 پسپۆڕی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری جیهان تێیدا ئەندامن. 12 هەزار براند و دامەزراوەی گەورەی نێودەوڵەتی کار و بەرهەم و تواناکانیان بەربژێرکرابوون بۆ ئەو خەڵاتانە.
 
دەقی پەیامی پیرۆزبایی شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووداو: 
 
بەڕێوەبەر و کارمەندان و رۆژنامەنووسانی بەڕێز لە دامەزراوەی میدیایی رووداو، بەبۆنەی بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جیهانی و ئەو سەرکەوتنانەی لە کاری میدیایی بەدەستانهێناوە، پیرۆزبایتان لێدەکەین.
 
رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هاتاکو ئێستا توانیوێتی پیشەییانە و بابەتیانە لە چوارچێوەی ڕێسا و یاسا رۆژنامەوانییەکاندا کاربکات و متمانەی وەرگر لە ناوخۆ و لە دەرەوە بەدەستبهێنێت. هەروەها توانیوێتی لە ئاستی نێودەوڵەتی شانبەشانی دەزگا میدیاییە جیهانییەکان کاربکات.
 
دووبارە پیرۆزبایتان لێدەکەین، بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاوبنێن.
 
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٠ـی تشرینیی یەکەمی٢٠٢٤