تورکیا تۆپبارانی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکات

10-10-2023
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا گوندێکی لە سنووری تەلتەمری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تۆپبارانکرد.
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 10-10-2023 سوپای تورکیا، گوندی ئوم خەیری سەر بە ناحیەی تەلتەمر لە حەسەکە تۆپبارانکرد، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، گولـلە تۆپەکان لە دەوروبەری گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە و تەنیا زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.
 
شەوی یەکشەممە فڕۆکەکانی سوپای تورکیا 17 جار ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد.
 
رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2023، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی "تورکیا لە تاوانەکانی لە دژی دانیشتووانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، چەندین جۆری چەک بەکاردەهێنێت و خەڵکی سڤیل و کەسانی سەربازی و هەروەها ژێرخانی ناوچەکەش دەکاتە ئامانج."
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی هێرشێکی سەر ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە و 28 ئەندامیشیان بریندار بوون.
 
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لەبارەی هێرشەکەی سەر ئەکادێمیای "شەهید نەسرین"ی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس راگەیاند: "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی نێوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت."
 
مەزڵووم عەبدی گوتی، ئەکادێمیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە تورکیا بۆردوومانی کردووە، رێکخراوێکی مەدەنیی ناحکومین و هاوکاری لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەردەگرێت.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەروەها دەڵێت، "ئێمە بێباک نین لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی دوژمنکارانەی تورکیا بۆ سەر خاک و گەلەکەمان، لە مافی رەوای خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا کەڵک وەردەگرین."
 
دوای هێرشەکەی سەر ئەکادیمیایەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دێرک و گیانلەدەستدانی 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا راگەیاند.
 
سێشەممە 10-10-2023 عەگید عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری کارگەی گازی سوێدییە رایگەیاند، لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر وێستگەی سووتەمەنی، گاز و کارەبا، لە ناوچەی سوێدییەی سەر بە دێرک، بایی 100 ملیۆن زیانی هەبووە و گوتی: "بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی غازی ماڵان نزیکەی 15 هەزار بوتڵ کەمیکردووە".
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".