دیداری مێری بە سپۆنسەری میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) بە بەشداری سەرۆک و سەرکردەکانی کوردستان و عێراق رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە،  10 و11ـی تشرینی یەکەمی 2023، دیداری مێری بەڕێوەدەبات. دیدارەکە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداوە و، بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە گفتوگۆیەکی دیدارەکەدا بکات.

تەوەرەکانی گفتوگۆ
 
لە دیداری ئەمساڵدا لە مێری، چەند ناونیشانێک دەبنە بابەتی گفتوگۆ و پانێڵەکان، سەرەکیترینیان، گفتوگۆ بۆ چارەسەری ریشەیی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەروەها پرسەکانی وەکو "عێراق بۆ هەمووان، عێراق و دەرودراوسێکانی، عێراق و کوردستان لەنێو هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا، هەروەها هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتسازی لە عێراق." دەبنە بابەتی گفتوگۆ.
 
لە دیداری مێریی  ئەمساڵدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکەمدا قسە دەکات، هەروەها بڕیارە هەریەک لە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە نووسینگەی رۆژهەڵاتی نزیک و نزیکەی 60 سەرکردە و بەرپرسی دیکەش تێیدا ئامادەدەبن.
 
پانێڵەکان
 
بڕیارە لە چوارچێوەی دوو رۆژی دیداری مێریدا، 14 پانێل بەڕێوەبچن، هەردوو رۆژ لە کاژێر 9:00 بۆ 19:00 پانێڵەکان دەبنە سەکۆی گفتوگۆی پرسە گرنگ و گەرمەکان، لە رۆژی یەکەمدا لە پانێڵەکان پرسەکانی "پێشینەکانی وزەی عێراق، لامەرکەزیەت یان مەرکەزیەت؟ عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، سیستمی سیاسی و دەوڵەتسازی، بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندیی فیدراڵ - هەرێمییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
 
لە یەکەم پانێڵدا، دۆخی نەینەوا بە ناونیشانی (پێویستی و ئاوات و تێڕوانینی خەڵک بۆ حوکمڕانی) گەنگەشە دەکرێت. نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا، زێدان خەلەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەو پارێزگایە دەکەن و، چاوەڕێ دەکرێت رووداوەکەی حەمدانییە کە 122 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، ببێتە بابەتی گەنگەشە و دۆخی کریستیانەکان.
 
لە پانێڵی دووەمدا، پێشینییەکانی وزەی عێراق، نەوت و گاز و وزەی نوێ بووەوە تاوتوێ دەکرێت، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کریسنت پەترۆلیۆم، فەلاح ئەلعامری، بەڕێوەبەری پێشووی سۆمۆ و راوێژکاری سەرۆکوەزیران لەو پانێڵەدا گفتوگۆ دەکەن.
 
لە پانێڵی سێیەمدا باس لە کاراکردنی رۆڵی ژنان دەکرێت لە سەرکردایەتیی دامەزراوەکاندا، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، پەیمان رەزامەن، سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، ئەشرەف دەهان، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراق گفتوگۆ دەکەن.
 
لە پانێڵی چوارەمدا، هەڵوێست و دیدگەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق باس دەکرێت، نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، باڵیۆزی بەریتانیا، راوێژکاری ئەمنیی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا تاوتوێی ئەو دۆخە دەکەن.
 
لە گفتوگۆی پێنجەمدا سیستەمی سیاسی و دەوڵەتسازی تاوتوێ دەکرێت، گفتوگۆیەکی دوو قۆڵی دەبێت لە نێوان عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی مێری.
 
پانێڵی شەشەمیش گفتوگۆیە لەسەر هەمان پرس لە نێوان خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم و تاریق جەوهەر، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمدا.
 
لە پانێڵی حەوتەم و کۆتاییدا لە رۆژی یەکەم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی دوو قۆڵیدا لەگەڵ هیوا عوسمان تاوتوێی "بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندیی فیدراڵ - هەرێمییەکان پرۆسەیەک لە مێژە دواکەوتووە" دەکەن.

 

کلیل لەم هاشتاگە بکە بۆ بینینی ئەموو بابەتەکانی پەیوەست بەو دیدارەی مێری لە سۆشیاڵ میدیاکانی رووداو:

#RudawMeriForum