لە ورمێ دوای گیان لەدەستدانی چوار کەس دەست بەسەر 120 ئۆتۆمبێلدا دەگیرێت


هەولێر دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەفتەیەک دوای رووداوێکی هاتووچۆ لەو شارە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار ئەندامی خێزانێک، دەست بەسەر 120 ئۆتۆمبێلدا گیراوە، کە بەهۆی کێبڕکێ و تیژڕۆیییەوە مەترسییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردبوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 10-10-2023، حوسێن مەجیدی، داواکاری گشتیی شاری ورمێ رایگەیاند، دوای رووداوەکەی هەفتەی رابردوو لە شاری ورمێ کە بەهۆی کێبڕکێی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە و پێکدادانی یەکێکیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری پەیکان و سووتانی پەیکانەکە چوار ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا، پۆلیس راسپێردراوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا بگرێت، کە بەهۆی خێرا لێخوڕینی شۆفێرەکانیان مەترسییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە.
 
حوسێن مەجیدی گوتی: "لە ماوەی هەفتەیەکدا و دوای چاودێریکردنی کامێراکانی چاودێری لەلایەن پۆلیسەوە، دەست بەسەر 120 ئۆتۆمبێلدا گیراوە، ئەویش بەهۆی خێرایی لێخۆڕینی شۆفێرەکان و پێشبڕکێی نایاسایی لەنێو شەقامەکانی شارەکانی پارێزگاکەدا."
 
داواکاری گشتیی شاری ورمێ ئەوەشی خستەڕوو، کە پۆلیس بە تووندی رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە، کە بەهۆی تیژڕۆیی یان پێشبڕکێی نایاسایی گیانی خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە.
 
دەوروبەری کاژێر 11ی شەوی سێشەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2023، لە نزیک گۆڕەپانی ئابیاری نێو شاری ورمێ، لە کاتی کێبڕکێی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت، یەکێکیان بە خێراییەکی زۆر خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری پەیکاندا کێشا، کە چوار کەسی ئەندامی خیزانێکی کوردی تێدابوون و بەهۆیەوە تانکیی بەنزینی پەیکانەکە تەقی و ئاگری گرت. هەر چوار کەسەکە بە سووتاوی لە نێو ئاگرەکە دەرهێندران، بەڵام دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانی جەستەیان گیانیان لەدەستدا.
 
لە رووداوەکەدا دایکێک بە ناوی گشوەر یونسزادە لەگەڵ دوو کچی بە ناوەکانی پەروانە و نووشین بادوزادە و هەروەها زاواکەیان بە ناوی بەهمەن قاسمی گیانیان لەدەستدا.
 
رۆژی 05-10-2023، داواکاری گشتیی شاری ورمێ رایگەیاند: "شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە بووە هۆی رووداوەکە هەڵاتبوو، بەڵام دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆزرایەوە و دەستگیرکرا."