پلاسخارت: ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نەبێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە پێویستی دەزانێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 10-10-2023، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە میانی پێشکێشکردنی گوتارێکدا بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "ماوەیەکی زۆرە نەکراوە. ئەوە چاوەڕوانییەمان لە هەموو لایەنەکان هەیە دڵنیایی بدەن کە رۆژی نوێی هەڵبژاردن نەبێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکان. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو بەڕێوەبردنەی ئێستا هەیە کە کاربەڕێکەرە، پێویستە پڕۆسەی دیموکراسی هەرێمەکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت".
گوتەکەی پلاسخارت لە کاتێکدایە، بڕیار بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 01-10-2022 بکرێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەتوانرا لەو رۆژەدا هەڵبژاردنەکە بکرێت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 03-08-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
جێنین پلاسخارت لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد و گوتی، "پێشهاتی ئەرێنی لە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی گشتیی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام کاری زیاتر لەپێشە. پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی لە جیاوازییە سیاسییەکان بەدوور بێت. مووچەخۆرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستانیش خێزانیان هەیە کە دەبێت چاودێرییان بکەن، هاوشێوەی مووچەخۆرانی مەدەنی عێراق".
مانگی رابردوو شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران چووە بەغدا و تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی بریتی بوو لە تاوتوێکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران.
دوای سەردانەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ناردنی 700 ملیار دیناری یەکەم یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆران دابەش بکات، بەڵام هێشتا مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دابەشنەکراوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەبووە.
نێردەی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی عێراقیش تایبەت بە سنوور قسەی کرد و رایگەیاند، "لە لایەن عێراقەوە و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵ دراوە بۆ پاراستنی سنوور. کاری زیاتر بۆ بەهێزکردنی ئەو دەستکەوتانە بەردەوامن. هەموو لایەنەکان بەو جۆرە سەیری دۆخەکە دەکەن کە هەبوونی سەقامگیریی ماوە درێژ پێویستە".
جێنین پلاسخارت لەبارەی ئاسایشی سنووری نێوان تورکیا و عێراقیش قسەی کرد و گوتی، "پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکەین کە ئامانج لێیان رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تایبەت بە سنوورە".