لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی پشکنین بۆ دەنگۆی 'بوونی برنجی پلاستیک' لە بازاڕەکاندا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە هەشت هەزار شوێن و دووکان سزادراون، نزیکەی 500 تۆن ماددەی خراپ و ماوەبەسەرچوویان لەنێوبردووە. دەشڵێت، "بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ راستی و دروستیی ئەو برنجەی لە بازاڕدا هەیە، دەکرێت."
هیوا ساڵح، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەردانی 67 هەزار و 449 دووکان و فرۆشگە و خواردنگەیان کردووە."
ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتیشی، ئێستا 46 لیژنەی چاودێرییان هەن، 45 لیژنەیان چالاکن و دەرچوون. ئاشکراشیکرد، ئەو لیژنانە لە ئەمساڵدا 8 هەزار و 64 پسوولەی سەرپێچییان بۆ فرۆشگە و خواردنگە و دووکانەکان کردووە لەگەڵ داخستنی 644 شوێن بەهۆی بەردەوامییان لە سەرپێچیکردن.
لەبارەی بڕی ئەو سزایەی لەو ماوەیەدا بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دراون، هیوا ساڵح گوتی، 681 ملیۆن و 588 هەزار دینار سزای سەرپێچکردنی ئەو فرۆشگە و شوێنانە بووە، هەروەها 4 هەزار و 598 شوێنیش پێویستیان بە رێنمایی بووە یان رێنماییان پێدراوە.
بە گوتەی هیوا ساڵح، ئەمساڵ نزیکەی 500 تۆن ماددە و شمەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەنێوبراون، کە بەشی زۆری خۆراک بووە.