ئێران: هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی باشی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هاوکارییەکی باشی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە. دەشڵێت هیوادارن بەو هاوکارییە باشەی کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە، تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.
رۆژی دووشەممە، 09-10-2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لە تاران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق و دوورخستنەوە و چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە سەردانی ئەم دواییەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ ئێران، باسی دوایین دۆخی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق کرا و لایەنی عێراقی راپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوە نراوەکانی خۆیەوە پێشکەشی لایەنی ئێرانی کرد. لەوبارەیەوە بیرورا ئاڵوگۆڕ کران و هاوکارییەکی باش لە نێوان دامودەزگە پەیوەندیدارەکان هەیە."
بە گوتەی ناسر کەنعانی، هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هاوکارییەکی باشی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە و گوتی، "هاوکاریی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی رێککەوتنەکەوە باش بووە و بە تایبەت لەبارەی جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی عێراق لە سنوورە هاوبەشەکان و هەڵگرتنی بنکە و باڕەگای گرووپە جوداخوازەکان کۆمەڵێک هەنگاوی باشیان ناوە، کۆمیتەیەکی هاوبەش دامەزرا."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاند، تاران هیوادارە هەموو بڕگەکانی رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ عێراق جێبەجێ بکرێ. ناسر کەنعانی گوتی: "هیوادارین بەو تێگەیشتنە دروستەی کە بەرپرسانی عێراقی لە چاوەڕوانییە رەواکانی ئێران هەیانە و بەو هاوکارییە باشەی کە لەگەڵ لایەنی عێراقی و بەرپرسانی هەرێم هەمانە، جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە ببینین."
ئەمە لە کاتێکدایە کە محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، هەوڵەکانی حکومەت و هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارییە جۆداخوازەکانی دژی ئێران هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بەس نییە.
محەمەد باقری گوتی: "ئەوە مانای چییە کە گرووپە جوداخوازەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بن و جۆرەها کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتەکەمان بکەن، ئێمەش ناچار بین هێزی گەورە بنێرین بۆ سنوورەکانمان. بەرپرسانی عێراقیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو پرسە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە هەیە. لە رێککەوتنەکەی ئاداری رابردوو لە نێوان بەرپرسەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دوو وڵاتی ئێران و عێراق، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا لە ماوەی شەش مانگدا ئەم گرووپانە بە تەواوەتی چەک بکرێن، بێ گومان لەم هەفتانەی دواییدا حکومەتی عێراق و هەموو ئەو بەرپرسە بەڕێزانەی لەوێن، هەندێک هەوڵیان داوە و ئەو گرووپانە لە بنکە و بارەگاکانی نزیک سنووری ئێمە گوێزرانەوە، بەڵام رێککەوتنی سەرەکیی تەنیا گواستنەوەی تاکتیکی گرووپە جوداخوازەکان نەبوو و بابەتەکە گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی دوورتر لە سنوورەکان نەبوو، بەڵکو لە روانگەی ئێمەوە بابەتەکە بە تەواوەتی چەککردنی ئەو گرووپانەیە."
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.