ژمارەیەک خوێندکاری بەشی کوردیی زانکۆی سۆران: هیچ ئاییندەیەک لەدوای خوێندنەکەمان شک نابەین


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی سۆران کە ماوەی چوار ساڵە ئەدەبیاتی زمانی کوردی دەخوێنن و چەند مانگێکی دیکە دەبنە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمانی دایکیاندا، دەڵێن، هیچ ئاییندەیەک لە دوای خوێندنەکەیان شک نابەن.
 
وڵات ئیدریس، خوێندکاری زانکۆ بە رووداوی گوت، "سەیری پێش خۆمان دەکەین چەندین قوتابی هەن بەکالۆریۆسیان تەواوکردووە،
بەڵام هیچ داهاتوویەکیان نەبووە و لە ماڵەوەن."
 
هەینی کەمال، خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "حکومەت کەمتەرخەمە، ئەو لایەنە چاک بکات کە بزانێت بۆ هەلیکار لەو بەشەدا
نییە، لە کاتێکدا زمانی دایکە و گرنگترین بەشی زانکۆیە."
 
لە 10 زانکۆی حکومیی هەرێمی کوردستاندا زمانی کوردی دەخوێندرێت. تەنیا لە ساڵەکانی 2021-2022، هەزار و 688 خوێندکار بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان لە زمانی کوردی بەدەستهێناوە. هەموو ئەو زانکۆیانە لە بەشێکەوە تاوەکو شەش بەشی کوردییان هەیە، ساڵانەش ژمارەی وەرگرتنی خوێندکارانیان بە بەراورد بە بەشەکانی دیکە زیاترە.
 
د. هەژار رەحیم، راگری کۆلێژی ئەدەبیات لە زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت، "نەبوونی بازاڕی کار ئەوەندەی پەیوەستە بە بێ پلانی، بێ پلانییەکی دامەزراوەیی لە ئاستێکی بەرزی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە بێ بازاڕیی پەیوەندیدار بە زانست و زانیاری و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە زمانی کوردییەوە نییە. یەک ئیمزای سەرۆکی حکومەتم هەبێ بەبێ ئەوەی دینارێک لەسەر حکومەت بکەوێ، توانای ئەوەم هەیە گەرەنتیی دامەزراندنی پێنج ساڵ بەبێ ئەولا و ئەولای دەرچووی بەشی کوردی بکەم، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە پێدانی شەخسیەت بە زمانی کوردی و گەڕانەوەی ئەو ئیعتیبارەی کە بەداخەوە لە دەستی دەرچووە."
 
ئەوخوێندکارانەی بەشی کوردی تەواو دەکەن، مەگەر سێ دەرچووی یەکەمەکانیان هەلی کاریان لە حکومەت دەستبکەوێت، یاخود ئەوانەی پەروەردە و کۆلێژی بنەڕەتی دەخوێنن، ساڵانە ژمارەیەکیان لێ دەبنە وانەبێژی قوتابخانەکان.
 
د. ئازاد عەزیز، سەرۆکی بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیی زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت، "ئەوەی هەیە زیاتر پڕکردنەوەی بە وانەبێژی و شێوەی گرێبەستە لەگەڵ قوتابخانە ئەهلییەکان، ئەگەرنا بۆ دامەزراندن باوەڕناکەم کەسیان هەلی کاریان دەست کەوتبێت جگە لە یەکەم و دووەم و سێیەمی ساڵانی رابردوو."
 
خوێندکار و مامۆستایانی بەشی کوردی، پێشنیازی زۆریان بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت هەیە کە بەهۆیانەوە دەتوانن ببنە خاوەن کار.
 
حەیدەر میقداد، خوێندکارە و دەڵێت، "ئەگەر بیەوێت یارمەتی خوێندکارەکان بدات، هەر لە نەخۆشخانەکان هەلی کاریان
بۆ دەڕەخسێت. بەدڵنیاییەوە خوێندکارانی بەشی کوردی زۆر بە سەرکەوتووییەوە دەتوانن چەندین ئەرک راپەڕێنن و بیکەن بە پیشەی سەرەکیی خۆیان."
 
د. شیلان عومەر، مامۆستا لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد، "یەکێک لەو رشتانەی کە دەگوترێتەوە ئاریشە زمانیەکانن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی هەڵە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە، بەهۆی ئەوەی کە منداڵ لەپێش تەمەنی 10 ساڵییەوە بە پەیڕەوی جووت زمانییەوە دەخوێنێت، کۆمەڵێک هۆکاری دیکە بۆ ئاریشەی زمانی دروست بوونە، ئەوانەی کە بەشی کوردییان تەواوکردووە دەتوانن لە دوای تەواوبوونیان لەو بوارانە کار بکەن و سەنتەری تایبەتیان هەبێ و لە هەموو دامەزراوەیەکی پەروەردەیی پێویستمان بە کەسێکە کە پسپۆڕی زمانی کوردی بێت."
 
کەمیی هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە کوردییەکان، وای لە خوێندکاران کردووە کەمتر لە رێگەی زانکۆلاینەوە داوای خوێندن لە بەشە کوردییەکان بکەن.