لە عەفرین گرووپە چەکدارەکان دەستدرێژیی دەکەنە سەر دوو کچی کورد و یەکێکیان دەکوژن
رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی گرووپێکی فەیلەقی شام کە بەشێکە لە سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە پەیوەستن بە تورکیاوە، لە ناوچەی میدان ئیکبەسی سەر بە راجۆ، دەستدێژییان کردووەتە سەر کیژۆڵەی کورد.
دواتر، چەکدارەکان یەکێک لەو کچە 14 ساڵانەیان کوشتووە کە ناوی زەینەب عومەرە و هاوڕێکەی دیکەیان بەناوی نوور شەوکەت حەمۆ ناچارکردووە بڵێت، ئەو دەستی لە کوشتنی هاوڕێکەیدا هەبووە.
لەمان خەلیل، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین وردەکاریی رووداوەکەی بۆ رووداو باسکرد و گوتی " لە 22-5-2022 هەواڵ بە ئێمە درا کە کچێک بەناوی زەینەب عومەر تەمەن 14 ساڵ لە شوێنێک خۆی دەکوژێت.. بۆچی خۆی دەکوژێت؟ لەسەرەتا ئاشکرا نابێت، لە 20-8-2022 لە هەواڵگریی تورکیا هاوڕێکەی دەگرن و دەیکەنە زیندان و لێی دەدەن و ئازاری دەدەن و پێی دەڵێن کە دەبێت بڵێی من ئاگادارم کە خۆی کوشتووە و بەمجۆرە لە زیندان دەمێنێتەوە. دوای ئەوە سەرکردەی فەیلەقی شام بەناوی ساڵح عەرعوور دەستگیردەکرێت بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بە کچێک لە گوندی قەرەبابا. لە لێکۆڵینەوەکاندا دان بەوە دادەنێت کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر زەینەب عومەر و دواتر کوشتوویانە."
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە تۆڕی میدیایی رووداو لە چەند مافناسێکی هەرێمی عەفرین دەستیکەوتووە، لەو هەرێمە دەزگای دادوەریی رێکوپێک نییە و کەسوکاری تۆمەتبار و دەستگیرکراوان ناتوانن پارێزەر بگرن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کەسوکاریان.