رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای دەنگدان لە بنکەیەکی سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەێنێت، هاونیشتمانییان دەتوانن ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی گەورە تۆماربکەن و چاوەڕێ دەکەین ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان بێت، داواش لە خەڵکی دەکات بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
لەبارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە دەنگ بدەن گوتی، هیوادارن زۆرترین کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن ئەمە فرسەتێکە بۆ ئەوەی بە دەنگی خۆت وڵاتەکەت بگۆڕیت.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و شێوازی بەشداری جوڵانەوەکە، شاسوار عەبدولواحید رایدەگەێنێت، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن و دەرچوونی ئەنجامەکان بڕیاری لەو بارەوە دەدەن.
لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە رایگەیاند: "هەڵبژاردنی تایبەت زۆر بە پاکی و بە جوانی بەڕێوەچووە و چاوەڕێ دەکەین هەڵبژدنی گشتیش وەکو تایبەت بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت".
ئەمڕۆ بە بەشداریی 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو ناوەندانەش بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ