رێکخەری تۆڕی شەمس: لە هەر ئامێرێکدا دەتوانرێت 5% بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدرێت

10-10-2021
بارزان محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەخت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ هەڵبژاردن لە پەیوەندییەکی رایگەیاند لە کاژێرەکانی سەرەتای هەڵبژاردندا لە 295 وێستگە لە سەرتاسەری عێراق کێشە لە ئامێرەکانی دەنگداندا هەبووە، کێشەکەش لە ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر و ئامێری ژماردنی دەنگەکان دروستبووە.
 
بەپێی راپۆرتی تۆڕی شەمس، لە 281 بنکە، بۆ ماوەی نزیکەی یەک کاژێر پڕۆسەی دەنگدان وەستاوە، بەهۆی وەستان و کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان. هەروەها کۆمسیۆنیشیان ئاگادارکردووەتەوە.
 
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کۆمسیۆنمان لەو گرفتانە ئاگادارکردووەتەوە، وەڵامیان ئەوەیە، کە ئامێری یەدەگیان هەیە و کارمەندی تەکنیکیان داناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک بنکە نزیکەی 2 کاژێر دەنگدان دواکەوتووە".
 
رێکخەری تۆڕی شەمس، دەڵێ لە یەکەم رۆژەوە گومانیان لە ئامێرەکان هەبووە، چونکە ناکرێ رۆژی هەڵبژاردن کە رۆژێکی گەورەیە، بەراورد بکەن بەو تێستانەی کە دەیکەن، کۆمسیۆن دڵنیایی دا کە ئامێرەکانیان تێست کردووەو 100% کار دەکەن، بەڵام "گومانمان هەبوو کە کاربکەن و لە رۆژی دەنگدانیش دەبینین، کە لە زۆربەی شوێنەکان لەکارکەوتوون".
 
رێکخەری تۆڕی شەمس ئاماژەی بەوەدا کارمەندانی کۆمسیۆن وەکو پێویست راهێنانیان پێنەکراوە، کە کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە وەک هۆگر چەتۆ دەڵێت: "رێگە بەوە دراوە لە هەر ئامێرێک هەتاوەکو 5% بەبێ پەنجەمۆر دەنگبدرێت، لەبەر ئەوەی خەڵک هەیە دەستی بڕاوەتەوە، هەروەها هەیە پەنجەمۆری ناخوێنێتەوە، بەڵام لە بارکۆد دەردەچێت کە کێشەکە چییە و ئاساییە".
 
بە گوتەی هۆگر چەتۆ بەهۆی ئەو کێشانەوە لە نێوان 10-15% دەنگی دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری عێراق هەژمار نەکراوە. 
 
هۆگر چەتۆ دەڵێ پرسیاری لە کۆمسیۆن کرد، ئەگەر لە بنکەیەک کێشە لە ئامێرەکان هەبوو و چارەسەر نەکران، چارەسەر چییە، خەڵک چۆن دەنگ بدات، وەڵامی کۆمسیۆن ئەوەبوو، کە "کە بەبێ ئامێرەکان لە هیچ بنکەیەک دەنگ نادرێت، هیچ مۆدێلێکی دیکەی دەنگدان نییە، ئەگەر ئامێرەکان کارنەکەن، لەو بنکەیە دەنگ نادرێت".
 
بە گوتەی هۆگر چەتۆ  کێشە تەنیا لە ئامێرەکاندا نییە، بەڵکو لە بەکارهێنانی ئامێرەکانیشدا هەیە، ئەگەر لە بنکەیەک یەک لەسەد یاخود دوو لەسەت، ئامێرەکان لەکاربکەون، زۆر گرفت نابێ، بەڵام لە هەندێک بنکە 10% ی ئامێرەکان وەستاون، کە ئەمە لە توانای تیمەکانی چاککردنەوەشدا نییە، بەمەش کێشە بۆ پرۆسەی دەنگدان دروستدەکات. "
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: "ئامێری بەدیلمان هەیە بۆ ئەو ئامێرانەی کێشەیان تێدەکەوێ".
 
هۆگر چەتۆ گوتی: "گۆڕینی ئامێرەکان چارەسەرێکی باشە، بەڵام ئامێری یەدەگ لە بنکەکان کەمن و کێشەکە بە تەواوی چارەسەر ناکات، چونکە لە هەر بنکەیەک لە نێوان سێ بۆ 18 وێستگە هەیە، کە نزیکەی 5 ئامێری یەدەگ هەن، بەڵام بنکە هەیە هەموو ئامێرەکان پێکەوە وەستاون، ئەمە کێشەکەی چارەسەر نەکرد".
 
کۆمسیۆن دەڵێت کێشەی کارنەکردنی ئامێرەکان گەورەکراوە، ئەگەرنا گرفتەکە بەمشێوەیە گەورە نییە. هۆگر دەڵێ: "کێشەکە پەیوەندی بە گەورەکردنەوە نییە، راپۆرتم بۆ هاتووە لە 2882 چاودێر لە سەرتاسەری عێراق، تاوەکو ئێستا 295 ئامێر لەکارکەوتوون، ئەمە ژمارەیەکی زۆرە، کە دەکاتە 10%ی ئامێرەکان، بنکە هەیە کاژێر 10 دەستی بە دەنگدان کردووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە