رێکخراوەکانی کوردس ومەند: سەتان ئاوارە بۆ دەنگدان گەڕانەتەوە ناوچەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رێکخراوەکانی کوردس ومەند رایگەیاند ژمارەیەکی زۆر ئاوارە کە لە دەنگدانی تایبەت نەیانتوانیوە دەنگ بدەن، بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەڕانەتەوە ناوچەکانیان بۆ دەنگدان و بەشێکیان لە دوێنێ هاتوون و شەو لە گوندەکانیان ماونەتەوە.
هێرش رەشید، نوێنەری رێکخراوەکانی کوردس ومەند، کە لە نوێنەرەکانیان لە شنگال و دەوروبەری چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە دەنگدەران لە بانگی بەیانییەوە چاوەڕێ بوون بۆ ئەوەی بنکەکانی دەنگدان بکرێنەوە دەنگ بدەن. بەڵام تاوەکو 7:50 خولەکیش بنکەکان نەکرابوونەوە و کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان هەیە، بەشێکیان داوای ژمارەی نهێنی دەکەن".
لە بنکەکانی عل حەوێز و شێروانییە لە سحێلا ئامێرەکان کارناکەن. هێرش، داوا لە کۆمسیۆن دەکات، بە زووترین کات چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن دەنگ بدەن.
هێرش رەشید دەڵێت کێشەکان هونەرین و لەم دەڤەرانە ئینتەرنێت لاوازە. نازانم بە ئەنقەست وادەکەن یاخود نا، کێشەکە ئەوەیە دەنگدەر ناتوانێ دەنگ بدات و ئامێرەکان وەستاون. ئەوەی ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە دەنگدەر بەشداری ئەم پرۆسەیە بکات.
وەکو هێرش باسیدەکات، نوێنەرەکانیان پێیانڕاگەیاندوون، کە هەروەها لەنێو شاری دهۆکیش هەندێک شوێن هەن ئامێرەکانیان کارناکەن، بۆ نموونە ئامادەیی دهۆک لە وێستگەی 12 ئامێری دەنگدان کارناکات.
هێرش دەڵێت: "جگە لەو ئاوارانەی دوێنێ شەو هاتوون، بەشێکیان بەم بەیانییە بە پاس دێن، بۆیە داوا دەکەین کۆمسیۆن کێشەکان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن دەنگ بدەن".