رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان هیوا دەخوازێت ئەم خولەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە خولەکانی پێشتر کاراتر و وریاتر بێت، بە یەکچاو تەماشای هەموو عێراقییەکان بکات، ماف و ئازادییەکانی هەموو لایەک لەبەرچاو بگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-10-2021، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە میانی بەشداریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: " هیوادارم ئەو پرۆسەیە شارستانیانە و رێکوپێک بەڕێوەبچێت دەرئەنجامەکەشی جێگەی رەزامەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تایبەت و خەڵکی عێراق بە گەشتی بێت".
عەلی باپیر هەروەها رایگەیاند: "ئەم خولەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە خولەکانی پێشتر کاراتر و وریاتر بێت، بە یەکچاو تەماشای هەموو عێراقییەکان بکات، ماف و ئازادییەکانی هەموو لایەک لەبەرچاو بگرێت".
لە وەڵامی هادی سەلیمی پەیامنێری رووداو، سەبارەت بە کاریگەری دروستنەکردنی یەک لیستی لایەنە ئیسلامییەکان لە هەڵبژاردن و سەبارەت بە روانینیان بۆ داهاتووی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "ئیسلامییەکان ئەگەر نەیانتوانیوە بە یەک لیست بەشداری بکەن، زیانیان لێنادات. چونکە دوایی دەتوانن لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا پێکەوەبن هەروەکو لە قۆناخی رابردوو گرووپی 15، هاوپەیمانی هیوا دروستبوو، لە ئیسلامییەکان و نائیسلامییەکان، قورساییەکی باشیشیان هەبوو، دەگونجێت ئەمجارەش هەمان ئەزموون بە فراوانتریش دووبارە بکرێتەوە".
سەبارەت بە تێڕوانیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق عەلی باپیر دەڵێت: "لە خولی رابردوو بێگومان کەموکوڕی هەبووە، بە تایبەت لە هەیمەنەی پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەکانی دیکەدا و پەراوێزخستنی هەندێک لە پێکهاتەکان، لەنێوخۆدا شیعەش کە پێکهاتەی سەرەکی بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەنێوخۆشیاندا هەر ناتەبا بوون. هیوادارم هەموو لایەک پەندیان لە هەڵەکانی رابردوویان وەرگرتبێت، ئەزموونە تاڵەکان و هەڵە و کرچ و کاڵییەکان واز لێبێنن و دووبارەیان نەکەنەوە".
لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتیش، عەلی باپیر گوتی: "هیوادارین وەکو کابینەی پێشوو نەبێت، هەموو جارێک کابینەکان زۆریان پێوە خراوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی خەڵک و جەماوەرە، دۆخی عێراقیش هەر بۆخۆی بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، هیوادارم هەموو سیاستمەدارەکان و ئەوانەی کورسیی زیاتر دەهێنن و خەڵکی زیاتر پشتیگیریان دەکات زیاتر هەست بە بەرپرسیاریێتی بکەن و زوو کابینەکە پێکبهێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ