دەقی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی شنگال
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەقی رێککەوتنەکەی نێوانیان لەبارەی شنگال بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی شارەکە دەکات و دەبێت کۆتایی بە بوونی پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانە بێت کە پەیوەندییان پێوەیەتی.
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ شەممە 10-10-2020 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی حەمید رەشید فەلیح، نوێنەری حکومەتی عێراق و رێبەر ئەحمەد، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە تێیدا هاتووە: لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و، بە گوێرەی بنەما دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کۆژانەکانی خەڵکی شنگال وەک دەستپێشخەرییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
1. تەوەری کارگێڕی:
- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێکارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوولاوە دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا بنەما پیشەیی و یاساییەکان رەچاودەکرێت.
2. تەوەری ئەمنی:
- تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، هەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.
- لە رێگەی دامەزراندنی 2500 کەسەوە لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی شارۆچکەکە بەهێز دەکرێت کە لەو هێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی پەنابەرانی نێو کەمپەکان لە خەڵکی شارەکە.
- کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت.
3. تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا و لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاست و وردەکارییەکانی ئامانجەکەی دیاریدەکرێت.
4. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رەوتی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، پێکدەهێنرێت.
رۆژی هەینی 09-10-2020، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کۆبوونەوە.
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە دۆخێکی نائاسایی رووی لە شنگال کردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەمان و، کۆبوونەوەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شارەکە بوو.
پاشکۆی رێککەوتنەکە
خشتەی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال:
1. ئەرک:
دیاریکردنی قایمقامی نوێ
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی هاوبەش
پارێزگاری نەینەوا
تێبینی:
بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان
2. ئەرک:
سەیرکردنی پێگە کارگێڕییەکانی دیکە لە شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی هاوبەش
پارێزگاری نەینەوا
قایمقام
تێبینی:
بەپێی دەقە یاسایی و دەستوورییەکان
3. ئەرک:
بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێوخۆی شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
بەڕیوەبەرایەتیی پۆلیسی شنگال
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان
4. ئەرک:
دوورخستنەوەی هەموو رێکخراوە چەکداری و کۆمەڵە نایاساییەکان بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال
لایەنی جێبەجێکار:
سەرکردایەتیی چالاکییە هاوبەشەکان
دەستەی حەشدی شەعبی
5. دامەزراندنی 2500 کەس لەنێو هێزی ئاسایشی نێوخۆی شنگالدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا
لایەنی جێبەجێکار:
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
وەزارەتی ناوخۆی عێراق
تێبینی:
1000 کەس لە خەڵکی شنگال و 1500 کەس لەو ئاوارانەی شارۆچکەکە کە لە کەمپەکاندان
6. پێداچوونەوەی ئەمنی بە بەربژێرانی دامەزراندنی بڕگەی 5
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی هاوبەش
تێبینی:
نابێت ئەندامانی پەکەکە و رێکخراوەکانی بگرێتەوە
7. کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوجەکانی دەوروبەری و نابێت ئەو رێکخراوە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت.
لایەنی جێبەجێکار:
سەرکردایەتیی چالاکییە هاوبەشەکان
8. ئەرک:
پێکهێنانی لیژنەیەکی مەیدانیی هاوبەش بە مەبەستی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەوەی لە تەوەرەکانی کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە
لایەنی جێبەجێکار:
لیژنەی هاوبەش
تێبینی:
نوێنەرانی دەزگای ئاسایش لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان
9. پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەی شنگال بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا
لایەنی جێبەجێکار:
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان