پەرلەمان لەسەر خۆپیشاندانەكان و دروستبوونی ئاڵۆزی كۆدەبێتەوە
رووداو- هەولێر
مەجید ساڵح، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداو پەیامی پەرلەمانی کوردستان دەگەینێتە هاونشتیمانیانی کوردستان و بڕیارە رۆژی دووشەممەش لەسەر ئاڵۆزییەكان كۆببێتەوە.
راوێژکارەکەی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " رۆژێک پێش ئاڵۆزییەکانی قەڵادزێ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتیان کرد و تێیدا داوایكرد ئارامی و تەناهی شارەکانیان بپارێزن".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر خۆپیشاندانەکانی باشووری کوردستان، مەجید ساڵح گوتی " ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەستی بەگفتوگۆ كردووە و بڕیارە رۆژی دووشەممە 12 ی تشرینی یەكەمی 2015، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات".
لەبارەی یەکلایکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن پەرلەمانەوە، مەجید ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە پێویست بوو هەر لە سەرەتاوە پرسەكە لەنێو پەرلەمان یەكلایی بكرابایەوە، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەرفەتی بە لایەنەكان دا بۆئەوەی لەنێو خۆیان بگەنە رێككەوتن. گوتیشی " ئەگەر كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان شكستیان هێنا، بەدڵنیاییەوە دەبێت پرسەكە لە پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە".
بەهۆی نەبوونی مووچە كە سێ مانگە دابەشنەكراوە و رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ماوەیەكە بەشێك لە مامۆستا و فەرمانبەران بەتایبەت لە سنووری پارێزگاكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە مانیان لە دەوامكردن گرتووە، چەند رۆژێكیشە لە ناوچە جیاجیاكان خۆپیشاندان دەكرێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەبەردەم هوتێل شاری جوانی سلێمانی كە نۆیەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی تێدا كرا، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، لە خۆپیشاندانەكەشدا ئاڵۆزی دروستبوو، دوێنێ هەینیش لە شارۆچكەی قەڵادزێ خۆپیشاندانێك ئەنجامدرا، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزی لێكەوتەوەو چەند شوێنێك سووتێنران، لەوانە ناوچەی پارتی قەڵادزێ، بەهۆی ئاڵۆزییەكانیش دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 18 كەسیش برینداربوون.