رەنگی جلوبەرگی قوتابیانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردە، رەنگی جلوبەرگی یەکپۆشی قوتابیان و خوێندکارانی لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەپێی قۆناخەکان دیاریکرد. بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەش دەڵێت، "یەکپۆشی بۆ جلوبەرگی منداڵانی باخچەکان ئاسایی دەبێت".
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی 9ی 2024، شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، یەکپۆشیی جلوبەرگی منداڵانی باخچەی منداڵان، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە؛ بۆ کچان کراسی پەمەیی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی رەساسییە. بۆ کوڕانیش کراسی شین و پانتۆڵی رەساسییە. بەڵام یەکپۆشی بۆ جلوبەرگی منداڵانی باخچەی ساوایان ئاسایی دەبێت؛ چونکە منداڵانی باخچە بچووکن و چاوپۆشییان لێدەکرێت.
مامۆستا رێباز مەسعود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی لە هەولێر ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بۆ ساڵی خوێندنی (2024/2025) لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ پۆلی 1 تاوەکو 6ی بنەڕەتی، بۆ کوڕان پانتۆلی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی دەبێت. بۆ کچانیش تەنوورەی رەساسی یان پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی دەبێت. بۆ پۆلەکانی 7، 8 و 9ی بنەڕەتی، بۆ کوڕان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپییە. بۆ کچانیش تەنوورەی نیلی یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی بڕیاری لێدراوە".
شەهێن عوسمان بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە روونیکردەوە، "جلوبەرگی قۆناخی ئامادەیی 10، 11 و 12 – وێژەیی لەگەڵ پیشەییەکان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، بۆ کچان تەنوورە یان پانتۆڵی رەش لەگەڵ کراسی سپییە؛ بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەش و کراسی سپی داواکراوە".
رۆژی 5ی 9ی 2024، سامان سیوەلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا؛ رۆژی چوارشەممە، 25-9-2024 یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2024 - 2025 بێت". بەوپێیەش ئەم ساڵ بەراورد بە پار 12 رۆژ درەنگتر دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە.