رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لەنزیک باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێک لە دوو هاوژین دەدات و بەهۆیەوە پیاوەکە گیانلەدەستدەدات، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی دەڵێت، هاوژینەکەی و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بریندارن و تەندروستییان جێگیرە.
شەوی سێشەممە، 10-09-2024 ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی شەکرەکەی سلێمانی نزیک باڵەخانەی پارێزگای شارەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دوو هاونیشتمانی دا و لە رووداوەکە کەسێک گیانی لەدەستدا.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 25 ساڵە."
بە گوتەی سامان نادر، هاوژینی ئەو پیاوەی گیانی لەدەستداوە تەندروستیی جێگیرە و تەنیا دەست و قاچی شکاون. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بە سووکی بریندار بووە.
ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویداوە شوێنی پەڕینەوەی هاونیشتمانییانە لەنێوان دوو شەقامی سەرەکیی سلێمانی - کەرکووک.
سامان نادر دەڵێت، "ژمارەیەک خەڵک لەو شوێنە وەستاون، بەڵام تەنیا زیان بەو دوو هاوژینە کەوتووە، لەو خەڵکەی لەوێ وەستاون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ