زانکۆی سەڵاحەدین: 1.5 ملیار دینار بۆ مامۆستایانمان خەرج دەکرێت

10-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە فەرمانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، پارەی وانەی زێدەکیی نیوەی دووەمی ساڵی رابردووی مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین خەرج دەکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی ئەیلوولی 2024، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی یەک ملیار و 514 ملیۆن و 15 هەزار و 500 دینار، بۆ ئەو مامۆستایانەی زانکۆی سەلاحەدین خەرج دەکرێت کە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوودا وانەی زێدەکی-یان گوتووەتەوە."
 
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی، "ئەو مامۆستایانەی وانەی زێدەکی-یان گوتووەتەوە، لە هەر 16 کۆلێژەکەی سەر بە زانکۆی سەلاحەدینن، بڕە پارەکەش بۆ مانگەکانی 7 تاوەکو 12ی ساڵی رابردوو دەبێت."
 
زانکۆی سەلاحەدین دێرینترین زانکۆی هەرێمی کوردستانە کە لە 16 کۆلێژ پێکدێت و 2622 مامۆستا تێیدا وانە دەڵێنەوە.
 
بەگوێرەی دوایین ریزبەندیی زانکۆکانی کوردستان، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان لە 21ی تەممووزی ئەم ساڵ بڵاویکردەوە، زانكۆی سلێمانی لە پلەی یەكەم و زانكۆی سەڵاحەدین لە پلەی دووەمی باشترین زانکۆکانی کوردستانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە