سامانە سرووشتییەکان: نرخی بەنزین دادەبەزێت

10-09-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، پاش ئەوەی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینیان دایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێکی بەنزین 40 - 50 دینار دابەزیوە و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش داببەزێت.

کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان رۆژی 5ی ئەم مانگە لە فەرمانێکی وەزاریدا رێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەرکرد، بەوەش رۆژانە ئەو بەنزینەی دێت روو لە زیادبوونە، بۆیە چاوەڕوانی دابەزینی زیاتری نرخەکان دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بۆ زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی نرخەکەی لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، "هاوردەکردنیشی پێویستە بە پێی ئەو کوالێتییەی بێت لەلایەن لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە."

لە نێوەڕاستی مانگی ئابەوە نرخی بەنزین بە چەند قۆناخێک لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و، لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرز لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 925 دینار.

22-08-2024 لە هەولێر بەنزینی نۆرماڵ لیتری بوو بە 925 دینار، لە کاتێکدا پێشتر 820 دینار بوو؛ رۆژێک پێش ئەوە لە سلێمانیش گەیشتە هەمان نرخ.

سەرەتای مانگی نیسانی ئەم ساڵ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان 775 دینار بوو.

لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی موحەسەن و سووپەریش هەیە کە لیتری لەنێوان 950 بۆ 1500 دینارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە