هەزاران جووتیاری کورد لە پلانی کشتوکاڵیی عێراقدا هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
هەزاران جووتیاری کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە پلانی کشتوکاڵیی ئەم ساڵی عێراق دا هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لەسەرە. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، داوای هەڵاوێردنیان کردووە و ئەمڕۆ سێشەممە لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئەحمەد دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، سەرقاڵی دانانی پلانی کشتوکاڵە، بڕیاریدا تەنیا ئەو زەوییانە بخرێتە پلانی کشتوکاڵ کە خاوەنەکانیان خۆیان لە ژیاندا ماون و ئامادەن."
دووبەردانی دەڵێت، "بڕیارەکە گرفتی بۆ هەزاران جووتیار دروستکردووە، لەوانەش جووتیارانی سنووری پارێزگای نەینەوا، چونکە زۆربەی ئەوانەی زەوییەکانیان بەناوەوەیە کۆچی دواییان کردووە، ئێستا زەوییەکە لەلایەن کوڕ و نەوەکانی بەڕێودەبرێت، ناکرێت بۆ پارچە زەوییەکی کشتوکاڵی هەموو کوڕ و کچ و نەوەکانی ئامادەبن."
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی گرفتێکی دیکەی جووتیارانی کورد دەکات و دەڵێت، "جووتیارانی ناوچەکانی مادەی 140، زەوییان بەناوە، بەڵام لەسەر تاپۆکەیان نووسراوە مەخموور - هەولێر، یاخود شێخان - دهۆک، وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەمە نابێت، پێویستە مەخموور - نەینەوا، شێخان - نەینەوا بێت، بۆئەوەی ناویان بخرێتە نێو پلانی کشتوکاڵی."
بە گوتەی دووبەردانی، بۆ چارەی ئەو گرفتە، هەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵیان کردووە و داوایان کردووە، وەکو ساڵانی رابردوو هەڵاوێردن بکرێت، بۆئەوەی زەویی ئەو جووتیارانە بخرێتە پلانی کشتوکاڵییەوە.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتیشی، لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوەیەک دەکرێت، بۆئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی رابردوو، ئەو زەوییانە بخرێتە پلانی کشتوکاڵیی عێراق، کە دواتر بەگوێرەی ئەو پلانە دەتوانن لە وەزارەتی کشتوکاڵ سوودمەندبن و گەنمەکانیان رادەستی وەزارەتی بازرگانی بکەن.