بەرەى تورکمانى: بە ئەنقەست نەیانهێشتووە ئەندامێکمان بەشداریى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بێت

10-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکاڵاى هاوپەیمانیى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو لەبارەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لە دژى ئەو 9 ئەندامە تۆمار کراوە کە لە هەڵبژاردنى حکومەتى خۆجێیی بەشداربوون و، تۆمەتباریان دەکات بەوەى رێگرییان کردووە ژنە ئەندامێکى ئەنجوومەن لەو هاوپەیمانێتییە بەشدار بێت.
 
سکاڵاى تورکمانەکان لە دژى ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجوومەنى پارێزگایە کە لە 10ى ئاب لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کرا بۆ هەڵبژاردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە، کە ئەندامانى ئەو فراکسیۆنە تێیدا بەشدار نەبوون.
 
فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو دوو ئەندامى لە ئەنجوومەنى پارێزگا هەیە، بەڵام سکاڵاکە لەلایەن حەسەن توران، سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە و سەوسەن عەبدولواحید، ئەندامى ئەنجوومەن لەو پێکهاتەیە تۆمار کراوە.
 
سکاڵا لێکراوان ئەو نۆ ئەندامەى ئەنجوومەنى پارێزگان کە بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیدا کردووە، کە پێنج ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى، دوو ئەندامى عەرەب و کۆتای کریستیانەکانن.
 
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لەڕووى یاساییەوە بە هەڵە ئەو سکاڵایە کراوە، چونکە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى پارێزگا بڕیاری کۆبوونەوەکەی داوە."
 
لە سکاڵاکەدا تێبینییە یاساییەکان خراونەتەڕوو، لەوانەش ئەو رۆژەى کۆبوونەوەکە کراوە، پشوو بووە، بە شێوەى فەرمى و نووسراو سەرۆکى تەمەن لەو کۆبوونەوەیە ئاگادار نەکراوەتەوە، کە راکان جبوورى بووە و کۆبوونەوەکەش لەسەر بانگهێشتى ئەو نەبووە، هەروەها بەبێ هۆکارێکى شیاو کۆبوونەوەکە لە دەرەوەى پارێزگاى کەرکووک کراوە.
 
لەو کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا، فراکسیۆنەکانى پارتى، بەرەى توکمانى یەکگرتوو، هاوپەیمانى عەرەبی بەشدار نەبوون.
 
لە بەشێکى دیکەى سکاڵاکەدا هاتووە، رێکارەکانى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پێچەوانەى مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان بووە، بەوەى دەبێت دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکى دادوەرانە لەنێوان پێکهاتەکانى شارەکە دابەش بکرێن.
 
سکاڵاکارەکان ئاماژەیان بەوە داوە، سەوسەن عەبدولواحید بە "ئەنقەست" رێگریى لێکراوە بەشداریى کۆبوونەوەى ئەنجوومەن بکات، بەڵام کاروان عوسمان دەڵێت، "ئەوە راست نییە، لە رێگەى واتسئەپەوە ئاگادار کراونەتەوە."
 
هاوپەیمانیى تورکمانیى یەکگرتوو ئاماژەى بەوەش داوە، ئەو مامەڵەى سکاڵا لێکراوان هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتیى کۆمەڵایەتیى کەرکووک دەکات، لەبەرئەوەى بە "ئەنقەسەت" پێکهاتەى دیکەیان پەراوێز خستووە.
 
لە سکاڵاکەدا، هاوپەیمانیى بەرەى تورکمانیى یەکگرتوو داوای لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق کردووە، کۆبوونەوەکەى 10ى ئاب هەڵبوەشێنێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو لێکەوتانەى هەیبووە، لەوانە هەڵبژاردنى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەن.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژی 6ی تشرینى دووەمى 2024ی دیاریکرد بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاى بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیى عەرەبی دژی پێکهێنانی حکومەتى خۆجێیی کەرکووک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.