رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 205 هەزار خێزانی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان هەن. نزیکەی 10 ملیار دینار پێویستە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت. دەشڵێت، ئەوانەی کێشەی بایۆمەترییان هەیە، ژمارەیان نزیکەی 12 هەزار کەسە.
ئەمڕۆ 10-09-2024 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە زانا کایانی پێشکێشی کرد. لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، "کۆبوونەوەکان لە کەشوهەوایەکی ئارام بەڕێوەچوون و دوو رۆژیان خایاند. ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و کۆمەڵێک دۆسیە یەکلاکرانەوە. هەندێکیشیان ماون و گفتوگۆ لەبارەیانەوە بەردەوامە."
رۆژانی 8 و 9ی ئەیلوولی 2024، هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و باسیان لە دۆسیەکانی مووچە، خانەنشینان، خاوەنپێداویستیی تایبەت، پیشەسازی، دەروازە سنوورییەکان و وەبەرهێنان کرد. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە لیژنە بۆ هەموو دۆسیەکان دروستکرا.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەندا، چوار خاڵمان پێشکێش بە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق کرد. یەكێک لەوان پێشکێشکردنی لیستی تۆماری کەمئەندامی نوێیە کە لە ساڵی 2013دا هیچ کەمئەندامێکی نوێ تۆمار نەکراوە. ژمارەیان زیاترە لە 30 هەزار کەمئەندام. هاوتاکردنی مووچەی کەمئەندامی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی کەمئەندامانی عێراق خاڵێکی دیکە بوو. یەکێکی دیکە تایبەت بوو بە پارەی پاراستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی، کە لە عێراقدا زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان ئەو پارەیە وەردەگرن."
رۆژی یەکشەممە 08-09-2024 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت.
کوێستان محەممەد باسی لەوەش کرد، "لە هەرێمی کوردستان هیچ خێزانێک پارەی چاودێریی خێزان وەرناگرێت. هەروەها کەمئەندام و هەژارەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، ساڵانە چوار پاکێج خواردنی زیاد وەردەگرن، کە لە پارەی حاکیمەش دەکڕدرێت. ئێمە داوامان کردووە کە کەمئەندام، خاوەنپێداویستیی تایبەت، کورتەباڵاکان و هەژارەکانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لەو سەبەتەی خۆراکانە. ئەم بابەتە لەنێوان ئێمە و وەزارەتی کار و کاروباری عێراقدا ماوەتەوە و پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەولێر و بەغدا، تیمەکانی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە رۆژنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسییەی نەوت و وزە و کەرتی بانکییش کردووە.
لەبارەی پرسی هاوتاکردنی مووچەی خاوەنپێداویستیی تایبەت کوێستان محەممەد ئەوەی خستەڕوو، "وەزیری دارایی عێراق وەڵامی ئەو بابەتەی دایەوە و گوتی، پێویستی بە پاڵپشتیی داراییە. بۆیە دەبێت گفتوگۆی زیاتری لەگەڵ بکەین. ئێمە داوامان کردووە بەپێی یاسای خۆمان بێت، چونکە یاساکانی ئێمە ئیمتیازی زیاترە لە یاساکانی عێراق بۆ خاوەنپێداویستیی تایبەت. لە یاداشتەکەشدا هەر وامان نوسیوە. نزیکەی 10 ملیار دینار پێویستە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەنپێداویستیی تایبەت و نڤیشکان."
سەبارەت بە بایۆمەتریی نڤیشکانان، کوێستان محەممەد گوتی، "ئێستا بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بە شێوەیەکی زۆر باش دەڕوات؛ بەڵام ئێمە کێشەمان هەیە لە بایۆمەتری بۆ ئەوانەی تووشی ئیفلیجیی مێشک بوون یان بیرکۆڵن. هەموومان دەزانین بایۆمەتری بۆ ئەمانە زەحمەتە، چونکە ناتوانێت سەرنج بدات، سەیری ئەو ئامێرە بکات کە پشکنینی چاوی بۆ دەکات. ئەوانەی ئەم کێشەیان هەیە، ژمارەیان نزیکەی 12 هەزار کەسە."
لەبارەی بڕینی مووچەی 88 هەزار خێزانی کەمدەرامەتەوە لە ساڵی 2005 لەلایەن عێراق؛ کوێستان محەممەد روونیکردەوە، "88 هەزار خێزانی کەمدەرامەت ئاماری ساڵی 2005ـە و ئێستا نزیکەی 205 هەزار خێزانی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستاندا هەن؛ چونکە زیادی کردووە. تاوەکو ئێستاش رەزامەندیی لەسەر نەدراوە، بابەتەکە بۆ گفتوگۆی نێوان ئێمە و ئەوان هەڵگیراوە."
دەربارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت تاوەکو کێشەی بایۆمەتری چارەسەر دەکرێت، چونکە تەنیا کەمئەندام نییە بایۆمەتریی نەکردووە، خانەنشین و شەهیدانیش هەن، بەڵام ئەمە راسپاردەیە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوان دەبێت رەزامەندی بدەن سەبارەت بەو بابەتە؛ بەڵام وەزیری دارایی عێراق پشتیوانی بۆچوونەکەی ئێمە بوو کە مووچە بەردەوام بێت."
بە گوتەی ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو نووسراوەی راسپاردەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کراوە، بە رێککەوتنی نێوان هەردوو ئەنجوومەنەکە نووسراوە و هەموویان لەسەری رازیبوون؛ ئینجا نووسراوە.
دوای کۆبوونەوەکەیان، تیمی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پێشکێشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەبارەی "ناردنی مووچە راگیراوەکان" بەشێکە لە دەرئەنجامەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ