لە سلێمانی دانانی قووچەکی فسفۆڕ لە بەردەم دووکان و مارکێتەکان قەدەخە دەکرێت

10-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاتووچۆی سلێمانی دانانی قووچەکی فسفۆری لەبەردەم فرۆشگە و مارکێت و شوێنەکانی دیکە قەدەخە دەکات و دەڵێت، شەقامەکان موڵکی گشتین.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە، 10-9-2024، بڵاوی کردووەتەوە، ئاگاداری سەرجەم فرۆشگە و مارکێت و دەرمانخانە و هەموو ئەو لایەنانە دەکاتەوە، کە قووچەکی فسفۆری، یان هەر هێمایەکی دیکە لە شەقامەکانی بەردەم شوێنی کارەکانیان دادەنێن بەمەبەستی تایبەتکردنی ئەو شوێنانە بۆ خۆیان، کە ئەو فسفۆڕانە لاببەن، چونکە شەقامەکان موڵکی گشتین و نابێت بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی بەکاربهێندرێن.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە لە رۆژی سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024ـەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی زێدەڕۆیی لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لێپێچینەوە لەو لایەنانە دەستپێدەکات.
 
بەهۆی دانانی تابلۆی ریکلامی شوێنەکان و قووچەکی فسفۆرییەوە لەلایەن بەشێک لە مارکێت و دووکان و شوێنەکانی دیکەوە زۆرجار لە شەقامەکان قەرەباڵخی  دروست دەبێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە