لیژنەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ژمارەیەک مادە و بڕگەی دیکەی پەیڕەوەکە دەکات. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت: "پێداچوونەوە بۆ بەشی زۆری بڕگە و مادەکان دەکەین." 
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت، تاوتوێی ئەو کارانە دەکەین کە لە دوو کۆبوونەوەی رابردوو کردوومانە."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زۆربەی بڕگە و مادەکانی پەیڕەوەکە هەموار دەکەنەوە، مەبەستیشیان لە هەموارکردنەوەکە ئەوەیە ئەندامی ئەنجوومەن دەسەڵاتی بەهێزتری هەبێت بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوون و کۆمەڵێک کاری دیکە.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 24ـی ئابی ئەم ساڵیدا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی دا، لێژنەیەکی حەوت کەسی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە، دوو ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامێکی تورکمان و دوو ئەندامی پێکهاتەی عەرەب و ئەندامێکی کۆتای کریستیانەکانی تێدایە، بەڵام بەهۆی بایکۆتی تورکمان و پارتی و بەشێک لە عەرەبەکان، بەشێک لە کورسییەکانی لێژنەکە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
 
یەکەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە ساڵی 2005 کرا و لەو کاتەوە پەیڕەوی ناوخۆی هەموار نەکراوە.
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد، پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب، ليستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، هاوپەیمانیى عەرەبی، پارتى بایکۆتى ئەنجوومەنیان کرد.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە. تاوەکو ئێستا سێ ئەندامی عەرەبی و دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقی بایکۆتی کۆبوونەوەکەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکەن لەبارەی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.