دادگەی فیدراڵی وادەی یەکەم کۆبوونەوەی بۆ سکاڵای عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک دیاری کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی فیدراڵی سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵای بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی پارێزگای کەرکووک لەبارەی کۆبوونەوەی 10ـی ئابی ئەنجوومەن و لێککەوتەکانی دیاریکرد.
 
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "ئەو ئەندامانەی تاوەکو ئێستا نایەنە کۆبوونەوەکانەوە چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی دەکەن و دوای ئەوە بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەن".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکانی راکان جبووری، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی کە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاریشە، لەگەڵ حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەوسەن عەبدولواحید شاکر لە دژی کۆبوونەوەکەی رۆژی 10ـی ئابی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، دیاریکرد.
 
سکاڵاکان لە دژی 8 ئەندامی ئەنجوومەن و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە تۆمارکراون، کە پێکدێن لە محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەن، هۆشیار هیجران، نەشئەت شاهوێز، پەروین فاتیح، د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی، لەگەڵ رەعد ساڵح، زاهر ئەنوەر عاسی، لە پێکهاتەی عەرەب، ئینجیل زیا لە پێکهاتەی کریستیان، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو لەتیف رەشید لەنێو سکاڵالێکراوانی سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی و ئەندامەکەی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووکدا نەماوە.
 
لە هەردوو سکاڵاکەدا کە رۆژی 13ـی ئابی 2024 پێشکێشکراون، سکاڵاکاران داوایانکردووە دادگەکە کۆبوونەوەی رۆژی 10ـی ئابی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا بە دەرئەنجام و لێکەوتەکانیشی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار بە پووچەڵ بزانێت و سەرجەم رێککارەکانی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی گوت: "پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانی کە سکاڵایان لە دژی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک و هەڵبژاردنەکانی کردووە، چاوەڕوانی بڕیاری دادگە بکەن بۆ ئەوەی بێنەوە نێو ئەنجوومەن و بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکەنەوە و پۆستەکانیان پڕبکەنەوە".
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد، پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە. تاوەکو ئێستا سێ ئەندامی عەرەبی و دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە، چاوەڕێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکەن لەبارەی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق رۆژی یەکشەممە، 18ـی مانگی رابردوو بڕیاری رەتکردنەوەی داواکارییەکی سکاڵاکارانی دا، کە داوایانکردبوو، دادگەکە رێکار و لێکەوتەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 10ـی ئەو مانگە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رابگرێت، کە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی تێدا هەڵبژێردرا.