رووداو دیجیتاڵ
چوارشەممە، یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکانە، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بڕیاریانداوە بایکۆتی دەوام بکەن. نوێنەرێکیشیان لە هەولێر دەڵێت، لە گفتوگۆدان بۆ بایکۆت و خۆپێشاندان، بەڵام بڕیاریان نەداوە. یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش داوا دەکات مووچەی مامۆستایان بە سیاسی نەکرێت.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە (13ـی ئەیلوولی 2023)، دەرگەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی قوتابییاندا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی ئەیلوول، کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سوورین لەسەر بایکۆتکردنی دەوام لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوام لە 13ـی ئەم مانگەدا، ئەگەر لە دوو رۆژی داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکانمان نەداتەوە، کە لەم قۆناخەدا دامەزراندنمانە بەشێوەی گرێبەست."
هەر ئەمڕۆ عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی وانەبێژان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری بایکۆتمان نەداوە، بەڵام لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پارێزگاکان لەسەر هێڵێن و لەبەرنامەماندایە بایکۆتی سەرتاسەری رابگەیێنین و خۆپیشاندانیش بۆ مافەکانمان دەستپێبکەین."
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە فەرمی نە پشتیوانیی بایکۆت دەکات و نە رەتیشی دەکاتەوە. مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە دەڵێین، نابێت حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی بابەتی سیاسی بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێویستە بەو پارەیەی بڕیارە بۆی بنێردرێت، لەگەڵ داهاتی نێوخۆدا مووچە دابەشبکات."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی وانەبێژان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. مووچەی مانگانەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی، لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دینارە.
هەروەها بەشێکی مامۆستایانی میلاک لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر تاوەکو 13ـی مانگ مووچە وەرنەگرن و پلەبەرزکردنەوە دەستپێنەکاتەوە، ئەوانیش ناچنەوە قوتابخانەکان.
جگە لە مامۆستایان، ئەمڕۆ بەشێکی فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دژی وەرنەگرتنی مووچەکانیان مانگرتنیان لە دەوام راگەیاند.
ئەمڕۆ کە 10ـی ئەیلوولە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکدی بە پابەند نەبوون بە یاسای بودجە و رێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ