لەگەڵ رەنج؛ گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە

10-09-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 35 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن کە دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا رۆژانی شەممە لە قوتابخانەکان بکرێتە پشوو، بەهۆی کەمبوونی وانە ترسی ئەوەیان هەیە دەربکرێن، بەشێک لەو مامۆستایانەش نێردراونەتە ماڵەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی دەڵێت؛ "لە شارەکاندا قوتابخانە هەیە مامۆستای دامەزراوی تێدایە چوار بەشە وانە دەڵێتەوە و بۆ هەر وانەیەکیش کە دەیڵێتەوە 250 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت"، هاوکات راوێژکارێکی وەزارەتی پەروەردەش رایدەگەیێنێت، "هیچ مامۆستایەکی وانەبێژ نانێردرێتەوە ماڵەوە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری پەروەردە بڕیاریداوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری بورهان ئەرگوشی، راوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە؛ عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان؛ ‏ئومێد عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی؛ شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک و مامۆستا عەلی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، تاوتوێی گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی پەروەردەیان لە هەرێمی کوردستان کرد.
 
 
ئاستی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان
 
راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتییان هێناوەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابییان و قوتابخانەکان بکەن تا بزانرێت پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە".
 
‏بورهان ئەرگوشی، راوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند "لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری هەڵسەنگاندنی تیممان کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە و قوتابیانمان بەشداربوون و ئێستا لایەنێکی جیهانی بەرپرس هەڵسەنگاندنمان بۆ دەکات و لە ماوەیەکی نزیکدا پێمان دەڵێن پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە".
 
بورهان ئەرگوشی دەڵێت: "ئاستی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەو داهات و بودجەیەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بۆی دابین بکات. ئێمە بەو ئاستەی خۆمان رازی نین و ناشمانهەوێ خۆمان بە وڵاتانی دواکەوتوو بەراورد بکەین بۆ ئەوەی بڵێین باشین، بەڵام هەموو هەوڵێکمان داوە لەوەی کە هەین زیاتر پێش بکەوین".
 
 
دەرکردن یان بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ؟
 
رۆژی 26ـی ئابی 2023 وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی دەنگۆی دەرکردنی 10 هەزار مامۆستای وانەبێژی رەتکردەوە و رایگەیاند، "نیەتمان نییە هیچ وانەبێژێک دەربکەین و ئەوانەی هەشت بەشە وانەیان هەبوو لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و ئەوەی دیکەش کە بەشەوانەی بۆ نەمایەوە، دەیانبەین بۆ دیوانی پەروەردەکان بە شێوەی تەنسیب تا ئەو کاتەی لە خوێندنگەکاندا وەک مامۆستا کاریان پێیان دەبێت". ئەوە لەکاتێکدایە جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارە بە نووسراوی فەرمی دەرنەچووە.
 
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان گوتی؛ "تاوەکو ئێستا وەزیری پەروەردە تەنیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتوویەتی مامۆستایانی وانەبێژ دەرناکرێن و نەبووە بە نووسراوی فەرمی، هەندێک جار فەرمانیش دەردەچێت، بەڵام لە پەروەردەکان گوێڕایەڵی فەرمانەکە نابن، بۆیە دەبێت بە نووسراوی فەرمی پێداگری لە بەڕێوەبەری پەروەردەکان بکرێت کە بۆیان نییە مامۆستای وانەبێژ ئیزن بدەن".
 
عەتا ئەحمەد دەشڵێت: "بەو پینە و پەڕۆیەی وەزارەتی پەروەردە رازی نین کە مانگانە 350 هەزار بۆ 400 هەزار دینار دەداتە وانەبێژ و دەینێرێت بۆ لادێیەکی دوورەدەست کە بەشی زۆری پارەکەی لە رێگە خەرج دەکات و مەترسی رێگە و ماڵ و خێزانی بۆ هەژمار ناکرێت، ئەگەر ساڵانە ژمارەیەک لەو وانەبێژانە کرابان بە گرێبەست، ئێستا ئەو کەڵەکەبوونە رووی نەدەدا."
 
 
"قوتابخانە هەیە بەڕێوەبەرەکەشی وانەبێژە"
 
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان باس لەوە دەکات کە "لە پەروەردەی شارباژێر 70٪ـی مامۆستایان وانەبێژن، تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانە هەیە کە خۆی وانەبێژە، کێشەی وانەبێژیی لە هەرێمی کوردستان کێشەیەکی قووڵە و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بە جیدی بێتە سەر هێڵ و چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزێتەوە".
 
بە گوتەی عەتا ئەحمەد، "گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەروەردە و خوێندن بەجێهێشتووە، لەبەر ئەوەی بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان و چاوەڕوانی ئەوەن تەلەفۆنێکیان بۆ بکرێت و بڵێن بڕۆوە ماڵەوە و پێویستیمان بە تۆ نەماوە، بۆیە قوتابیانی دەرەوەی شار باجی ئەو کێشەیە دەدەن".
 
"دۆخی وانەبێژان کاریگەری لەسەر ئاستی پەروەردە داناوە"
 
وەکو جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان ئاماژەی پێدەدات، "قوتابیانی دەرەوەی شار کە خەڵکی تا رادەیەک هەژار و کەمدەرامەتن، دەبێت مامۆستاکانیان دامەزرابن بۆ ئەوەی بتوانن بە دروستی خوێندن و پەروەردە بەڕێوە ببەن. لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان ساڵی وا هەیە بۆ وانەیەک سێ جار مامۆستا دەگۆڕدرێت و ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کوالێتیی پەروەردەی ئەو قوتابخانانە دادەنێت".
 
عەتا ئەحمەد پێیوایە "دەبێ پەروەردە لە هەرێمی کوردستان وەکو وەزارەتێکی سیادی هەژمار بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتێکی لاوەکی لێی دەڕوانێت، لە ساڵی 2014ـەوە چەند مامۆستای هەمیشەیی مردووە یان وڵاتی جێهێشتووە، کەسیان لە جێگەی دانەناوەتەوە، لەکاتێکدا لە کەرتەکانی دیکە و بەتایبەت کەرتی سەربازی، بە بەردەوامی دامەزراندن هەیە".
 
"مووچەی وانەبێژان بەشی ژیانیان ناکات"
 
سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی ئەو بڕە مووچەیەی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دیاریکراوە بە "تاوانێک" هەژمار دەکات کە بەرامبەر ئەو مامۆستایانە کراوە و دەڵێت، "ناو شارەکان پڕکراوە لە مامۆستای دامەزراو و تێیاندایە یەک وانە گوتنەوەی 250 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت".
 
‏ئومێد عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی گوتی: "ئەو مووچەیەی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دیاریکراوە بە هیچ شێوەیەک بەشیان ناکات و ئەوە گەورەترین تاوانە بەرامبەر ئەو توێژە دەکرێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دادەنێت، لە وڵاتی ئێمەدا تاوەکو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە وەستابن، بیر لە وەزارەتی پەروەردە ناکرێتەوە و بووەتە وەزارەتێک کە وەکو بارگرانی لە حکومەتدا سەیردەکرێت".
 
ئومێد عەلی دەشڵێت، "لە ساڵی 2014 بەهۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، هەرچی مامۆستای دامەزراوی لادێ و شوێنە دوورەدەستەکان هەبوو، گواستیاننەوە بۆ شارەکان، ئێستا لەنێو شارەکاندا قوتابخانە هەیە مامۆستای دامەزراوی تێدایە چوار بەشە وانە دەڵێتەوە و بۆ هەر وانەیەک کە دەیڵێتەوە 250 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت".
 
 
"ناکرێ جیاوازی لە دۆخی وانەبێژانی خوێندنی کوردی و عێراقی هەبێت لە کەرکووک"
 
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت "وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە بڕیارێک 17 هەزار مامۆستای وانەبێژیان کرد بە گرێبەست بەبێ ئەوەی لێی بپێچنەوە چەند بەشە وانەی هەیە، بۆیە ئەگەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش رەچاوی ئەوە نەکات، وانەبێژانی خوێندنی کوردی کەرکووک ئەو جیاوازییە قبووڵ ناکەن".
 
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک رایگەیاند، "پێشتر رێنمایی هەبوو هەر ماموەستایەکی وانەبێژ زیاتر لە هەشت بەشە وانەی هەبێت، دەبێ دەرنەکرێت، دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا رۆژانی شەممە لە قوتابخانەکان بکرێت بە پشوو، بەشە وانەی مامۆستایان کەمبووەتەوە و پلان هەبوو ئەو مامۆستا وانەبێژانەی بەشە وانەیان لە پەروەردەکان نامێنێت، بنێردرێنەوە ماڵەوە تاوەکو قوتابخانەیەکی بۆ دەدۆزنەوە وانەی تێدا بڵێتەوە".
 
شێرازاد رەشید دووپاتیدەکاتەوە؛ "لە بەشی خوێندنی کوردی کەرکوک تێبینییەکمان دایە وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە لە کەرکووک 17 هەزار کەسیان بە گرێبەست لەسەر پەروەردەی عێراق دامەزراندووە بەبێ ئەوەی رەچاوی بەشە وانەکەی بکرێت، ناکرێ من لە بەشی کوردی بە وانەبێژێک بڵێم لەبەر ئەوەی بەشەوانەکەت کەمتر لە 12 وانەیە بڕۆوە ماڵەوە تاوەکو بانگت دەکەینەوە، بەڵام دواتر وەزیری پەروەردە بڕیاریدا هیچ وانەبێژێک دەرناکرێت".
 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێنمایی داوەتە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی تاەکو پلانێک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە گرێبەست یان دایانبمەزرێنن، دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە لەلایەن وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی، رایانگەیاند کە پێیان باشە لەم قۆناخەدا سەرجەم وانەبێژان بکرێن بە گرێبەست و بڕی ئەو پارەیەش دیاریکراوە کە دێتە سەر مووچەکەیان".
 
"لە هەولێر زیاتر لە 150 مامۆستای وانەبێژ دەرکراون"
 
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرباری لێدوانی وەزیری پەروەردە، ئێستا لە سنووری پەرورەردەی هەولێر زیاتر لە 150 مامۆستای وانەبێژ نێردراونەتەوە ماڵەوە و راوێژكاری وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ئەو وانەبێژانەی ناویان لە سیستمی پەروەردەدا هەیە، دەربکرێن و داواش دەکات ئەوانەی جوابکراون، سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی بەدواداجوون بۆ کەیسەکەیان بکرێت.
 
مامۆستا عەلی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان گوتی: "بە ناوی 35 هەزار و 546 مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان قسە دەکەم، دەیان مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن کە بەهۆی رووداوی هاتووچۆ یان هەر هۆکارێکی دیکە گیانیان لەدەستداوە و تێیاندایە 5 ساڵ تا 7 ساڵ خزمەتی هەبووە، بەڵام حکومەت وەکو خانەنشین هەژماری نەکردوون بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە مووچەکەی سوودمەندبن".
 
 
بە گوتەی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، "مامۆستامان هەیە 16 ساڵە لە هەرێمی کوردستان وانەبێژە و تا ئێستا دانەمەزراوە، بەڵام کەسی دیکە هەیە دوو ساڵە وانەبێژە، بە پاڵپشتی حیزبی دایانمەزراندووە، دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە رۆژانی شەممەشی وەکو پشووی قوتابخانەکان راگەیاند، لە سنووری پەروەردەی هەولێر زیاتر لە 150 مامۆستای وانەبێژ پێیان گوتراوە بڕۆنەوە ماڵەوە و کارمان پێتان نەماوە.
 
سەبارەت بەو پرسە، بورهان ئەرگوشی راوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند؛ "سەرجەمی ئەو مامۆستا وانەبێژانەی ناویان لە سیستمی پەروەردەدا تۆمارکراوە و دانەبڕاون، بە هیچ بیانوویەک ناتوانن دەریان بکەن و ئەوانەش کە نێردراونەتە ماڵەوە، با بێنە وەزارەت و ئێمە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان دەکەین و ئەگەر ستەمیان لێکرابێت قبووڵی ناکەین".
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."