یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر دواکەوتنی مووچە سکاڵا لەسەر حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆماردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆمەتی دواخستن و دابەشنەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 10-09-2023، موسەننا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم رۆژانەدا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای یاسایی لەسەر هەردوو حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆماردەکەین و بە هۆکاری دواخستن و دابەشنەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان دەزانین و تۆمەتی سەریشیان ئەوە دەبێت."
 
موسەننا ئەمین، کە هاوکات پەرلەمانتاری ئەو حیزبەشە لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: "سکاڵاکە لە دیراسەکردندایە و بە زووترین کات لە رێگەی پارێزەرەکانمانەوە بە ناوی حیزب یان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دەیدەینە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق."
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەوە، پارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەشنەکراوە.