وەزارەتی کشتوکاڵ: 14 بەنداو و 119 بەست بۆ ئاودێری دروست کراون

10-09-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، 14 بەنداو و 119 بەستیان بۆ ئاودێری دروست کردووە بۆ ئەوەی بەشێکی زەوییە دێمییەکان بکەنە بەراو و ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەرزبکەنەوە.
 
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "زۆر هەوڵمان داوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەست و بەنداوی کشتوکاڵی دروست بکەین. جگە لە بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک 14 بەنداوی بچووک و ناوەند دروست کراون، ئێستایش شەش بەنداوی دیکە لە تەواوبووندان و خەریکیشین بودجە بۆ چەند بەنداوێکی دیکە تەرخان بکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە ناوچە جیاوازەکان 119 بەست دروست کراون و رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەرگیراوە بۆ ئەوەی 23 بەستی بچووکی دیکە دروست بکرێن بۆ ئەوەی جووتیاران سوودیان لێ وەربگرن.
 
حوسێن حەمەکەریم گوتی: "تاوەکو ساڵی 2014 لە رێگەی بانکی کشتوکاڵی و ئەو بودجانەوەی بۆ وەزارت تەرخان دەکران، پاڵپشتیی سیستمی نوێی ئاودێریمان دەکرد و هەوڵمان دەدا بەسەر جووتیاراندا دابەشی بکەین. سیستمی زیرەکی ئاودێری وادەکات دەست بە ئاوەوە بگیردرێت و کەمترین بڕی ئاو بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرایکرد، بۆ یەکەم جار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوەوە رێنمایی دەرچووە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی زانستیی جووتیاران بکەن و رێنماییان بدەنێ کە چۆن بتوانن بەستێک دروست بکەن.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوەبەرێتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر هەر پڕۆژەیەکی ئاودێرییان وەکو پێشنیاز هەیە، ئەوا وەزارەت ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن و رووبەری زەوییە بەراوەکان زیاد بکەن.
 
لەبارەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیشەوە گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ئەمساڵ سەوزە لە عەلوەکاندا زۆربەی بەرهەمی ناوخۆیە و تاوکو ئێستا نرخ زۆر باش بووە و، گەنمیش بە نرخێکی باش بە حکومەتی عێراق فرۆشرا. هەروەها بەرهەمێکی زۆری پەتاتەمان هەیە و بە نرخێکی باش فرۆشراوە."
 
حوسێن حەمەکەریم ئاماژە بەوەش دەکات: "ئێستا کار لەسەر پیشەسازیی خۆراکی دەکەین و چەندین کارگەی بەرهەمە خۆراکییەکانمان هەن. لەم بوارەیشدا ژمارەیەک پڕۆژەی باش پێشکێش کراون و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانیشدا لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەیە."
 
پار وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار تۆن گەنمی تۆوی بە نرخی پاڵپشتی بەسەر ژمارەیەک جووتیاری نموونەیدا دابەش کرد کە هەر تۆنێک بە 100 هەزار دینار بوو. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ئەمساڵیش حەوت هەزار تۆن ئامادە کراوە و لە ناوەڕاست و کۆتایی مانگی 10دا دابەشی دەکەین. لە هەوڵی ئەوەداین تاوەکو ساڵی 2025 پێویستمان بە هاوردەکردنی بنەتۆوی گەنم نەبێت و خۆمان بگەینە خۆبژێوی."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.